لە سۆران بەفر سەقفی چوار پێشانگە دەڕووخێنێت و زیان بە 40 ئۆتۆمبێل دەگەیێنێت

رووداو- سۆران

نزیکەی 24 کاژێرە بەفربارین لە سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر بەردەوامە. بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفرەوە سەقفی چوار پێشانگەی ئۆتۆمبێل رووخاون و زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە.
 
رائید کاروان میراودەلی بەرپرسی بەشی هونەریی بەرگریی شارستانی سۆران بە رووداوی راگەیاند: "جگە لە داڕووخانی ئەو سێ پێشانگەیە داڕووخانی خانووشمان هەبووە لە گەڕەکی قەندیل، هەروەها هۆڵی هەستی هەمووی داڕووخاوە، لە شووشتنگەی ئۆتۆمبێلی بەرامبەر مەکتەبی رێکخستن کەپرەکان دابەزیون و سێ ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە و بەدرێژایی ئەمڕۆ نزیکەی 40 ئۆتۆمبێل رزگارکراون، 13 کەسیش لەنێو بەفر گیریانخواردبوو ئەوانیش رزگارکران".
 
 
لەکاتی راستەوخۆکەدا پێشانگەیەکی دیکەش داڕووخا و کەسێک لەژێر سەقفی پێشانگەکەدا مابووەوە و گیری خواردبوو کە تیمەکانی فریاکەوتن چوون بۆ یارمەتیدانی. دواتر تیمەکانی فریاکەوتن دەریانهێنا و دەرکەوت کە تەندروستیی جێگیرە.