بەهۆی بەفر بارینەوە رێگەی 93 گوند لە لوڕستان داخراون

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی شاری بروجێرد سەر بە پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، رێگای 93 گوندی ناوچەکانی ئەشترینان و شێروان بەهۆی بەفربارینەوە داخراون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 13ی شوباتی 2025، قودرەت ولدی، قایمقامی شاری بروجێرد رایگەیاند: "هێزەکانی خزمەتگوزاری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی پارێزگاکە بە هاوکاریی خەڵک لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ کردنەوەی رێگاکان."
 
قایمقامی بروجێرد، داوا لە خەڵک دەکات خۆیان لە گەشتە ناپێویستەکان بەدووربگرن، ئەگەر ناچار بوون گەشت بکەن پێویستە بەنزینی پێویستیان پێ بێت و هەروەها زنجیری تایەی ئۆتۆمبێل و جلوبەرگی گەرمیشیان پێ بێت.
 
هەفتەیەکە بەفر و سەرما ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. لە دوێنی چوارشەممە شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین رووی لە ناوچەکە کردووە و بە گوێرەی کەشناسیی ئێران، شەپۆلەکە رۆژهەڵاتی کوردستان، باکوور و نێوەڕاستی ئێران دەگرێتەوە و تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو بەشێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت.