پارێزەرێک لە کۆبانی: 48 گوندی کورد تاڵان کراون
رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێک لە کۆبانی دەڵێت، هێشتا سوپای عەرەبیی سووریا لە شارەکە نەکشاوەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 48 گوندی کوردنشین تاڵانکراون و ژمارەیەک خانوو دوای تاڵانکردنیان، سووتێنراون.
ئەمڕۆ هەینی 13-02-2026، مستەفا شێخ موسلیم، پارێزەر لە کۆبانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخزر پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی شارەکە رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆکانەوە تاوەکو ئێستا ئاستەنگییەکان بەردەوامن.
زیاتر لە سێ هەفتەیە سوپای عەرەبیی سووریا گەماڕۆی کۆبانێی داوە. بەگوتەی مستەفا شێخ موسلیم، دوو رۆژە لە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان تەنیا کارەبا بۆ شارەکە گەڕاوەتەوە، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە و هێشتا ژمارەیەک لە گەڕەکەکان کارەبایان پێنەگەیشتووە.
وەک ئەو پارێزەرە گوتی، بەگشتی ئێستا لە کۆبانی نزیکەی شەش بۆ حەوت کاژێر کارەبا هەیە، ''لەکاتێکدا رۆژانە پێویستیمان بە 60 بۆ 70 مێگاواتە، بەڵام ئەو کارەبایەی رۆژانە دەگات، نزیکەی 20 مێگاواتە.''
سەرەڕای کارەبا، 25 رۆژە ئاو، ئینتەرنێت و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی دیکەش لەسەر کۆبانی بڕاون. مستەفا شێخ موسلیم ئاماژەی بەوە کرد، خەڵک ناچارە ئاوی بیر بەکاربهێنێت کە ناتەندروستە و ''بەوهۆیەوە نەخۆشی لەنێو ئاوارەکاندا بڵاوبووەتەوە کە لە 70 شوێنی وەک مزگەوت و قوتابخانە جێگیر کراون. تەنانەت دوو رۆژ لەمەوپێش منداڵێکیش گیانی لەدەستدا.''