کارەبای سلێمانی: 93٪ی هاوبەشانی کارەبا لەنێوان 1000 دینار تاوەکو 100 هەزار دیناریان بۆ هاتوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی دەڵێ، 93%ـی هاوبەشان بڕی هەزار دینار بۆ 100 هەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ هاتوەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، کە تێیدا روونکردنەوە لەبارەی پسووڵەی کارەبای دانیشتووانی شاری سلێمانی و دەوروبەری دراوە، ئامارەکان دەریدەخەن لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، کۆی گشتیی هاوبەشانی ماڵان، بازرگانی، میری، پیشەسازی و کشتوکاڵ دەگاتە 362,745 هاوبەش.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پارەی گەڕاوە بۆ 93٪ی هاوبەشان لە 20/12/2025 تاوەکو 20/1/2026 لەنێوان 1,000 دینار بۆ 100,000 دینار بووە.
سەبارەت بەو پسووڵانەی بڕی پارەکەیان زۆرە و لە ملیۆن دینارەوە تاوەکو ملیار دینارە، کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو شوێنانە بریتین لە "کارگە گەورەکانی ئاسن، چیمەنتۆ، مۆڵە گەورەکان و پڕۆژە پیشەسازی و بازرگانییەکان."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات بۆ هەر پرسیار و تێبینییەک، سبەی شەممە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی/ رۆژهەڵات لە گەڕەکی قالاوا بکەن.
جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هاونیشتمانییان لە سیستمی (KYC) خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی لە رێگەی نامەی مۆبایلەوە ئاگاداری بڕی پارەی بەکارهاتووی کارەباکەیان بن.