شەفافیەت: داهاتی هەفتەیەکی سلێمانی بۆ نیوە کەمیکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
ماڵپەڕی شەفافیەت رایگەیاند، داهاتی هەفتەیەکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەراورد بە هەفتەیەک پێشتر زیاتر لە 52% کەمیکردووە و کەمترە لە حەوت ملیار دینار.
 
ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاوی کردەوە، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 07-02-2026 بۆ هەینی 13-02-2026، بریتییە لە 6 ملیار و 788 ملیۆن و 819 هەزار دینار. 
 
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، هەفتەیەک پێشتر داهاتی هەمان سنوور 14 ملیار و 156 ملیۆن و 627 هەزار دینار بووە، بەمەش داهاتی ئەم هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی رابردوو 7 ملیار و 367 ملیۆن و 807 هەزار دینار کەمیکردووە.
 
داهاتەکان نانەوتین و لە رێگەی 6 گەنجینە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجەوە کۆدەکرێنەوە.
 
ماڵپەڕەکە داهاتی ئەم ساڵی تاوەکو ئەمڕۆ بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاندووە، 66 ملیار و 734 ملیۆن و 578 هەزار دینارە.
 
داهاتی پار لەو سنوورانە زیاتر لە 900 ملیار و 820 ملیۆن دینار بووە.
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دروشمی "بەسیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"، لە رۆژی 15-12-2022 ماڵپەڕەکەی کردەوە و نووسینگەکەی سەرپەرشتی دەکات.