پارێزگاری هەولێر: ئەمڕۆ رێگە بە خۆپێشاندان نادرێت چونکە کەس داوای مۆڵەتی نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە چەند پەیجێکی کەسایەتییە ئیسلامییەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەژین بانگەوازیی بۆ خۆپێشاندان دەکرێ بۆ ئەمڕۆ هەینی لە شاری هەولێر، بەڵام پارێزگاری هەولێر دەڵێت، رێگە بە خۆپێشاندانی بێ مۆڵەت نادەن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ کەسێک داوای مۆڵەتی خۆپێشاندانی نەکردووە بۆ ئەمڕۆ، بۆیە رێگە بە هیچ کەسێک نادرێ بێ مۆڵەت خۆپێشاندان بکات".
پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە، هێزە ئەمنییەکان رێگری لە هەموو ئەو کەسانە دەکەن ئەمڕۆ هەینی بیانەوێ خۆپێشاندان بکەن.
شەوی رابردوو پارێزگاری هەولێر، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی هەولێرە، سەبارەت بەو خۆپێشاندانەی هەفتەی رابردوو لە شاری هەولێر بە بیانووی "بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی ئاینی ئیسلام" کرا، رایگەیاند، لە هەولێر بەبێ مۆڵەت رێگە بە هیچ خۆپێشاندانێک نادرێت.
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی مێرمنداڵێک لەکاتی خۆپێشاندانی پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان هۆنراوەیەکی خوێندەوە کە هی خۆی نەبوو، دواتر خۆی و خێزانەکەشی کە موسڵمانن چەندینجار داوای لێبووردنیان کرد، بەڵام کەسانێک ئەو کارەیان قۆستەوە و بەبێ مۆڵەت لەنێو سەنتەری شاردا خۆپێشاندانیان کرد.
لەبارەی ئەو بانگەوازانەی ماوەیەکە لەلایەن "چەند کەسێکی تووندڕۆوە بۆ خۆپێشاندانی دووبارە لە هەولێر دەکرێن"، ئومێد خۆشناو رایگەیاند: "هیچ هۆکارێک نییە ئەو کەسانە خۆپێشاندانی بۆ بکەن، ئێمە هێزە ئەمنییەکان، ئاسایش و پۆلیسمان دەستکراوە کردووە ئیجرائاتی تووند بەرامبەر هەر کەسێک بکەن، کە ئەو کارە بکات".