ئایدن مەعروف: لەگەڵ ئەوەدا نین کورسیی کۆتاکان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوەن کە هەڵبژاردن بۆ ئەوان بە یەک بازنە بێت. دەشڵێت لەگەڵ ئەوە نین کورسیی کۆتاکان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێن، وەک ئەوەی هەندێک لایەن داوای دەکەن.
رۆژی دووشەممە 13-03-2023، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوەن کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یەک بازنە بکرێت.
لە 111 کورسی پەرلەمانی کوردستاندا، کۆتاکان خاوەن 11 کورسین. زۆربەی ناکۆکییەکانی بەردەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان چارەسەربووە و ئێستا بازنە و شێوازی دەنگدانی پێکهاتەکان، خاڵی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانە.
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی یەكێتی پێیانوایە، ئەو 11 کورسییە "دەنگی راستەقینەی پێکهاتەکان نییە، بە دەنگی پارتی و هێزەکانی ئەو حیزبە بووە"، بۆیە هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان داوای تۆماری تایبەت بە دەنگدەرانی پێکهاتە دەکەن.
هەروەها پێشنیازیان کردووە، هەڵبژاردن بۆ کورسیی کۆتاکانیش هاوشێوەی هەڵبژاردن بۆ 100 کورسییەکەی دیکەی پەرلەمانی کوردستان بە چوار بازنە بکرێت، بەڵام پێکهاتەکان ئەوە رەتدەکەنەوە و خوازیاری سیستمی یەک بازنەیین.
ئایدن مەعروف لەو بارەوە گوتی: ''لە رابردووشدا باس لەوە کراوە کە کۆتاکان لە دەنگدەرانی تایبەت دووربخرێنەوە لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا زۆرین دەستوەردان کرابوو، بۆیە پێویستە لە داهاتوودا بەشداریکردنی کۆتاکان بەشێوەیەکی باشتر بێت.''
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بەسەر بازنەکاندا خوازیاری ئەوەیە 4 کورسی بۆ سلێمانی بێت، وەک ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ''ئێمە وەکو پێکهاتە لەگەڵ ئەوە نین کوررسییەکان دابەشبکرێن."
لەبارەی ژمارەی کورسیی کۆتاکان، ئایدن مەعروف گوتی، ''ئەم 11 کورسییە وەکو خۆی دەمێنێتەوە و لە داهاتوودا لەوانەیە گەنگەشەی لەسەر بکرێت."
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکان، لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان کۆبوونەوە و لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنەکاندا گفتوگۆیان کرد.