بەشێک لە پەرژینی پڕۆژەکانی گوندی ئەڵمانی رووخێندرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە پەرژینی گوندەکانی ئەڵمانی دوو و سێ لە شاری سلێمانی رووخێندرا. سەرۆکی شارەوانیی رۆژهەڵاتی سلێمانی دەڵێت، "زەوییەکە موڵکی خەڵکە و تاپۆیان هەیە."
 
کوردۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری شارەوانیی رۆژهەڵات لە سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو پەرژینەی کراوە، شوێنەکەی موڵکی خەڵکە و ناکرێت موڵکی خەڵک داگیر بکرێت."
 
کوردۆ عەبدوڵڵا دەڵێت، "لەنێوان گوندەکانی ئەڵمانیی دوو و سێ 78 پارچە زەوی هەن کە موڵکی خەڵکن؛ وێنەی تۆمار (سورەت قەید) و تاپۆیان هەیە؛ کاک شاسوار عەبدولواحید بەدەوری موڵکەکەدا پەرژینی کردووە. ئێستا ئەنجوومەنی شارەوانی بڕیارێکی دەرکردووە کە خاوەنی ئەو موڵکانە دیوارێکی راگر بەدەوری زەوییەکانیاندا دروست بکەن و دواتر زەوییەکانیان دەکەنە خانوو."
 
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی رۆژهەڵاتی سلێمانی، خەڵک هەیە حەوت پارچە زەویی هەیە و تەنیا باجی لێوەرگیراوە و چەند ساڵێکە نەیتوانیوە بیکاتە خانوو. گوتیشی، "بۆ دروستکردنی دیواری راگری زەوییەکان و دروستکردنی خانوو پێویستمان بەوە هەبووە شۆڤڵ و بارهەڵگر بچنە سەر زەوییەکان پەرژینەکە بڕووخێنین، بەڵام ئەو (شاسوار عەبدولواحید) رێگری دەکات لە رووخاندنی."
 
ئێستا خەڵک لە سنوورەکە کۆبوونەتەوە و بەشێکی پەرژینەکە رووخێندراوە. کوردۆ عەبدوڵڵا دەڵێت، "خاوەن زەوییەکان خۆیان تووڕە بوون و لەگەڵ پاسەوانانی پرۆژەکەدا بووە بە دەمەقاڵێیان و دواتر شۆڤڵەکانیان بردووەتە ژوورەوە و بەشێک لە پەرژینەکەیان رووخاندووە."