مەسرور بارزانی: لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافەکانمان نابین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافەکانیان نابن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 13-03-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتی و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوو ر و رێککەوتنەکان کراوە.
 
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵی و دەستووریی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوی حکومەتدا هاتووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هاوبەشییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێی گرنگی و بایەخی ئەوانە و بەردەوام دەبن لە هەماهەنگیی هەمەلایەنە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و "لەژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانی نابێت."
 
پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، گرنگیی پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و پێویستیی پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.