ئەنجوومەنی وەزیران: دەبێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە 'هەژماری من'ـەوە مووچە وەربگرن

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا رایگەیاند "پڕۆژەی (هەژماری من) پرۆژەیەکی پێشکەوتووی بانکی و پەسەندکراوی بانکی ناوەندیی عێراقە و دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و حیسابی بانکیان لە (هەژماری من)ـەوە مووچە وەربگرن."
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13-3-2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی لەبارەی چەند تەوەرێک کرد، کە یەکێکیان بابەتی مووچەی مووچەخۆران بوو.
 
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاو و رێکارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی لە بەر ڕۆشنایی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان خستەڕوو.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، وەزیری دارایی و ئابووری لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی دا بەوەی کە وەزارەتەکەی داوای پارەدارکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردبوو ''بەبێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی 2024 بە بڕی (949,813,146,170) ملیار دینار."
 
بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بەگوتەی وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان "تەنيا بڕی 569 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە، کە دەکاتە رێژەی تەنيا (%59) لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم، ئەمەش وا دەکات؛ کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت."
 
وەزیری دارایی و ئابووری لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها روونیکردووەتەوە "هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من)، لەمێژە دەستی کردووە بە پرۆسەی (توطين) لەژێر سەرپەرشتیی بانکی ناوەندیی عێراق."
 
ئەنجوومەنی وەزیران دەستخۆشیی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری بودجە بۆ کردووە ئەو رێکارانە.
 
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە "نابێت هیچ لەم رێکارانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ، ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە مووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ، بۆیە جەخت دەکەینەوە کە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان، چونکە ئەمە مافی دەستووریی و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە و نابێت تێکەڵی هیچ ناکۆکیەکی نێوان هەردوو حکومەت بكرێ و کۆسپ و تەگەرە بخرێتە بەردەم خەرجکردنی."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، وەزیری دارایی عێراق ئەمڕۆ بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، جەمال کۆچەر، ئەندامێکی لیژنەکە رایگەیاند "وەزیری دارایی گوتی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواونەبێت، لە مانگی سێ ـوە دینارێک رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکەم."
 
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا جەختی کردووەتەوە لەوەی لەوەی هیچ رێگرییەک نییە بۆ پشتبەستن بە پڕۆژەی (هەژماری من) کە وەک خۆی باسی دەکات "پڕۆژەیەکی گرنگ و پێشکەوتووی بانکییە و هاوشێوەی پرۆسەی (تەوتین)ـە، تێچووەکەشی کەمترە، خزمەتگوزاریشی زیاتر و باشترە، لەژێر سەرپەرشتی و رێگەپێدانی بانکی ناوەندیی عێراق کراوە" بۆیە وەک دەڵێ "دەبێ مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و (هەژماری من)ـەوە، مووچەی خۆیان وەربگرن و سوودمەندبن لە زۆر خزمەتگوزاریی بانکیی و پێدانی پارە و تەنانەت وەرگرتنی ئاسانکاریی قەرز، پرۆسەکەش بەردەوامە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، هەموو مووچەخۆرانی هەرێم، حیسابی بانکیان بۆ بکرێتەوە، ئەو بانکانەی لە (هەژماری من)ـیش بەشدارن، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقین و بەشێکن لە پرۆسەی (توطين) کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە."
 
ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە وەک چۆن مووچەخۆرانی عێراق، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی حیسابی لێ دەکەنەوە، بە هەمانشێوە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ئازاد بن کە لە چوارچێوەی (هەژماری من)ـدا، لە چ بانکێک حیساب بکەنەوە. کە ئێستا پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا، چەندین بانکی دیکەش دەبنە بەشێک لە پرۆژەکە.