بەهۆی تەقینی مینەوە هاونیشتمانییەک لە سۆران گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هاونیشتمانییەک مینێک پێیدا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا. بەرگریی شارستانی دەڵێت، "بۆ گژوگیای بەهارە چووە."
رائید رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە لە چیای رۆڵە ئەمڕۆ پێنجشەممە روویداوە، ئەو ناوچەی مینەکەی تێدا تەقیوەتەوە ناوچەیەکی مینڕێژکراوی کۆنە".
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە دانیشتووی سنوورەکەیە. رەوەند مەغدید گوتی: "بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو هاونیشتمانییە بۆ کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان رووی لە چیای رۆڵە کردووە".
تیمی بەرگریی شارستانی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراوە بۆ هێنانەوەی تەرمەکە بۆ دادپزیشکیی سۆران.