ماکرۆن کوژرانی سەربازێکی فەرەنسی لە هەولێر رادەگەیێنێت


رووداو دیجیتاڵ 

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، ئەفسەرێکی سوپای وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە سنووری پارێزگەی هەولێر گیانی لەدەستداوە. 
 
رۆژی هەینی 13-03-2026، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە ئێکس رایگەیاند، کوژراوەکە ناوی ئارنۆ فریان بووە و پلەکەی ئەفسەری باڵا بووە لە فەوجی 7ـی هێزە چیا نشینەکان. 
 
ماکرۆن گوتی: "ئارنۆ، لە پێناو فەرەنسا و لە کاتی هێرشێکدا لە هەولێر لە عێراق گیانی سپارد." هەروەها پشتڕاستی کردەوە، "چەندین سەربازی دیکەی فەرەنسی" لەو هێرشەدا بریندار بوون و وڵاتەکەی لەگەڵ خێزان و هاوسەنگەرەکانیان هاوسۆز دەبێت.
 
ئیمانوێل ماکرۆن رەخنەی تووندی لە بە ئامانجگرتنی هێزەکانی فەرەنسا گرت و گوتی: "ئەم هێرشە بۆ سەر هێزەکانمان کە لە ساڵی 2015ـەوە خەریکی شەڕی داعشن، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە." 
 
سەرۆکی فەرەنسا جەختی کردەوە، بوونی ئەوان لە عێراق تەنیا بۆ چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆرە و گوتی: "جەنگی ئێستا لە ئێران ناتوانێت ببێتە پاساو بۆ کردنی ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر سوپای فەرەنسا."
 
بەپێی زانیارییەکانی سوپای فەرەنسا و سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری شەشی پێشمەرگە لە گوێڕ-مەخموور، هێرشەکە بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کراوە و بنکەیەکی سەربازییان لە ناوچەی (مەلا قەرە) لە سنووری مەخموور پێکاوە، کە نزیكەی 40 کیلۆمەتر لە شاری هەولێرەوە دوورە. 
 
لەم هێرشەدا 6 سەربازی فەرەنسی بریندار بوون کە خەریکی مەشقپێدانی هێزەکانی پێشمەرگە بوون لە رووبەڕووبوونەوەی تێرۆردا.
 
ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا بنکەیەکی ئیتاڵیاش لە هەولێر بە درۆن هێرشی کرایە سەر، بەڵام زیانی گیانیی نەبوو و ئیتاڵیا بڕیاری دا بە شێوەیەکی کاتی سەربازەکانی لەو بنکەیە بکشێنێتەوە.
 
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28ـی شوباتەوە، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران چەندین جار بنکەکانی هاوپەیمانانیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووەتە ئامانج.