مێردمنداڵێکی کورد لە ئەڵمانیا بە چەقۆ کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئێکەرنفۆردەی ئەڵمانیا، مێردمنداڵێکی کورد کە خەڵکی هەرێمی کوردستانە، لە ئەنجامی دەمەقاڵێیەکدا بە چەقۆ بە سەختی بریندار کرا و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکان هەڵاتوون.
رووداوەکە شەوی چوارشەممە لە شاری ئێکەرنفۆردە نزیک کیڵ لە هەرێمی شلێسڤیگ-هۆڵشتاین، لە گۆڕەپانی وەستانی ئۆتۆمبێلی مارکێتێک روویداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، مێردمنداڵەکە ناوی ئەحمەدە و تەمەنی 15 ساڵە، لەگەڵ چەند کەسێکدا بووە بە دەمەقاڵێیان و دواتر کەسەکان کە ناسنامەیان نادیارە بە چەقۆ بە سەختی برینداری دەکەن.
بەگوێرەی میدیای ئەڵمانیا، ئەحمەد دوای ئەوەی بریندار کراوە بەپێ شوێنی رووداوەکەی جێهێشتووە و بە دووری نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەکە پۆلیس دۆزیویانەتەوە، تاوەکو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
رەنج پشدەری، چالاڤانی کورد لە ئەورووپا، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەحمەد خەڵکی هەرێمی کوردستانە و وەکو پەنابەر لەگەڵ خێزانەکەیدا لە ئەڵمانیا ژیاون".
پۆلیسی شارەکە رایگەیاندووە، تۆمەتبارەکان بە ئۆتۆمبێلێک لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتوون بۆ جێگەیەکی نادیار.
تاوەکو ئێستا هۆکاری شەڕەکە دیار نییە و پۆلیسی ناوچەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران.