نوێترین ئامار؛ هەرێمی کوردستان بە 294 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە


رووداو دیجیتاڵ

هێرشەکان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ هەینی 12 هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆسەر پارێزگای هەولێر کراون و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون.
 
رۆژی هەینی، 13ـی ئاداری 2026، بەرپرسێکی باڵای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران- حدکا، بە تۆڕی میدیایی روودایو گوت: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە پێنج درۆن و دوو مووشەک کەمپی ئازادیمان لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرا".
 
هەر ئەمڕۆ کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ، بە دوو درۆن هێزەکانی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دۆڵی ئاکۆیان لە پارێزگای هەولێر هێرشیان کرایە سەر. بەرپرسێکی حیزبەکە بە رووداوی گوت: "هێرشەکە لەلایەن ئێرانەوە کراوە و زیانی گیانیمان نییە".
 
هەروەها ناوچەی سەراو لە سنووری کۆیە، ئەمڕۆ بە درۆنێک کرایە ئامانج.
 
هەر ئەمڕۆ هەینی، هێزێک لە سنووری هەورازە نەفتەی هەولێر هێرش کرایە سەری. موقەدەم عەبدوڵڵا حەمەڕەشید، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی هێزەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 02:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بارەگایەکمان بە دوو درۆن و مووشەکێک کرایە ئامانج".
 
ئەو بەرپرسە گوتی: "دوو ئەنداممان برینداربوون و دۆخی تەندروستییان باشە".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو کاژێر 16:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئادار، هەرێمی کوردستان بە 294 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لەو ژمارەیە 247 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەولێر و سنووری پارێزگاکە کراون، 41 درۆن و مووشەک ئاراستەی سلێمانی و سنووری پارێزگاکە کراون؛ هەروەها لە سەرەتای جەنگەکەدا چوار درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش ئاراستەی سنووری هەڵەبجە کران.
 
قوربانییەکانی ئەمڕۆ و دوێنێ 
 
دوێنێ پێنجشەممە کەسێک گیانی لەدەستدا و 10 کەسیش بریندار بوون. ئەمڕۆش دوو کەس بریندار بوون.
 
لە قوربانییە نوێیەکاندا ئەوەی پشتڕاست کراوەتەوە، کوژرانی ئەفسەرێکی فەڕەنسی و برینداربوونی شەش سەربازی ئەو وڵاتەیە کە لە سنووری هەولێر بوون. 
 
هەروەها هەر دوێنێ لە ئەنجامی هێرشەکان، ماڵێک لە یەکێک لە کەمپەکانی کۆیە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون بە درۆن بۆردوومان کرا، ژن و پیاوێک و منداڵەکەیان بریندار بوون. هەر دوێنێ منداڵێک لە گەڕەکی قالاوەی سلێمانی لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی درۆنێک بە سووکی بریندار بوو. 
 
ئەمڕۆش لە نزیک هەولێر دوو ئەندامی هێزێکی ئەمنی بریندار بوون.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هێرشەکانی دوێنێدا جگە لە سەربازی فەرەنسی، هیچ پێشمەرگەیەک بریندار نەبووە.
 
ئەفسەرێکی بەریتانی بە ناوی گای فۆدن، دوێنێ پێنجشەممە بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە بە ژمارەیەک درۆن هێرش کرایە سەر ئەو بنکە سەربازییەی هەولێر کە هێزی بەریتانی و ئەمریکی تێدایە و "ژمارەیەک" سەربازی ئەمریکی برینداربوون.
 
کۆی قوربانییەکان
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە 28ـی شوباتەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، هەرێمی کوردستان بە 294 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لە ئەنجامدا 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 35 کەسیش برینداربوون.
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، چواریان پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون؛ دووانیان لە هەولێر و دووانەکەی دیکەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی ئامارەکە بریندارەکان بریتین لە سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی. حەوت سڤیل؛ یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ بوو لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی. ئەمڕۆ هەینیش دوو ئەندامی هێزێکی ئەمنی لە نزیک هەولێر بریندار بوون.
 
هەر لە ئەنجامی هێرشەکان، 14 پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەش سەربازی فەرەنسا برینداربوون، بەڵام ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لە هەولێر ئاشکرا نەکراوە.
 
‎ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
 
پارێزگای هەولێر: درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: مەلا قەرە، کەمپی زەوی سپی، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، چۆمان و سۆران.
 
‎پارێزگای سلێمانی: سلێمانی، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ.
 
‎پارێزگای دهۆک: کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و گوندێکی سنووری ئاکرێ.
 
‎پارێزگای هەڵەبجە: چیای شنروێ
 
‎جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.
 
‎زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کراون، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق کە ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسیاریێتیی زۆربەی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.