هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوایەک لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە کردەوە هەڵوێستی هەبێت.
هاوپەیمانییەکە لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویانکردووەتەوە، رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستانی عێراق لە سەرەتای شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا سەدان جار بە مووشەک و درۆن هێرشی کراوەتە سەر. لەو نێوەدا بنکەکانی هێزە سیاسییەکانی "کوردستانی ئیران" و کەمپە مەدەنییەکانی ئەم حیزبانەش لە هەرێمی کوردستان بە ئامانج گیراون.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ئاماژەی بە دوایین هێرش بۆ سەر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران داوە، کە بەهۆیەوە پێشمەرگەیەکیان بەناوی ئومید وەیسی گیانی لەدەستداوە، هەروەها هێرشی سەر سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کە دوو پێشمەرگە بەناوی فەخرەدین مورادی و ئیقباڵ ساڵحی گیانیان لەدەستدا.
هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی 2026 دەستیپێکرد، ئێرانیش دەستەجێ بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. لەو کاتەی جەنگەکە دەستیپێکردووە چەندینجار بە درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە باشووری کوردستان، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 6 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 10 پێشمەرگەش بریندار بوون.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، لە 6 هێزی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکدێت.