بە 280 درۆن و مووشەک هەرێمی کوردستان بۆردوومان کراوە؛ ئاماری قوربانییەکان بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، دوێنێ 33 هێرشی دیکە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەهۆیەوە، ئەفسەرێکی فەرەنسی گیانی لەدەستدا و 11 کەسیش برینداربوون، کە سێیان سڤیلن و لەنێویاندا دوو منداڵ هەن.
تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەوی پێنجشەممە، هەرێمی کوردستان بە 280 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لەو ژمارەیە 233 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەولێر و سنووری پارێزگاکە کراون، 41 درۆن و مووشەک ئاراستەی سلێمانی و سنووری پارێزگاکە کراون. هەروەها لە سەرەتای جەنگەکەدا چوار درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک و دوو درۆنیش ئاراستەی سنووری هەڵەبجە کراون.
ئاماری نوێی قوربانییەکان
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، بەهۆی هێرشەکانەوە، پێنجشەممە 12ـی کەسێک گیانی لە دەستداوە و 11 کەسیش بریندار بوون. جگە لە برینداربوونی "ژمارەیەک" سەربازی ئەمریکا لە هەولێر.
لە قوربانییە نوێیەکاندا ئەوەی پشتڕاست کراوەتەوە، کوژرانی ئەفسەرێکی فەڕەنسی و برینداربوونی شەش سەربازی ئەو وڵاتەیە کە لە سنووری هەولێر بوون. هەروەها بەهۆی هێرشەکانەوە دوێنێ ماڵێک لە یەکێک لە کەمپەکانی کۆیە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون بە درۆن بۆردوومان کران، ژن و پیاوێک و منداڵەکەیان بریندار بوون، هەر دوێنێ منداڵێک لە گەڕەکی قالاوەی سلێمانی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی درۆنێک بە سووکی بریندار بوو.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هێرشەکانی دوێنێدا جگە لە سەربازی فەرەنسی، هیچ پێشمەرگەیەک بریندار نەبووە.
ئەفسەرێکی بەریتانی بە ناوی گای فۆدن بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی راگەیاندووە، بە ژمارەیەک درۆن هێرش کراوەتە سەر ئەو بنکە سەربازییەی هەولێر کە هێزی بەریتانی و ئەمریکی تێدایە "ژمارەیەک" سەربازی ئەمریکی برینداربوون.
ئەو شوێنانەی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکرێن رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن، لە نوێترین هێرشدا گوندی مەلا قەرە لە هەولێر، کەمپی زەوی سپی لە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی و مێرگەپان لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
کۆی قوربانییەکان
بەگوێرەی ئامارەکان، لە 28ـی شوباتەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێکرد، هەرێمی کوردستان بە 280 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لە ئەنجامدا 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 33 کەسیش برینداربوون، کە دووانیان منداڵن.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، چواریان پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون؛ دووانیان لە هەولێر و دووانەکەی دیکەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئامارەکە بریندارەکان بریتین لە سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی. حەوت سڤیل؛ کە یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ بووە لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی.
هەر بەهۆی هێرشەکانەوە، 14 پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەش سەربازی فەرەنسا برینداربوون، بەڵام ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لە هەولێر ئاشکرا نەکراوە.
ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
پارێزگای هەولێر: درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: مەلا قەرە، کەمپی زەوی سپی، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، چۆمان و سۆران.
پارێزگای سلێمانی: سلێمانی، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ.
پارێزگای دهۆک: کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و گوندێکی سنووری ئاکرێ.
پارێزگای هەڵەبجە: چیای شنروێ
جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.
زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کراون، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق کە ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسیاریێتیی زۆربەی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.