باڵیۆزخانەی سووریا بۆ هاووڵاتیانى لە هەرێمی کوردستان: دەتوانن لە دەروازەى قائیم بگەڕێنەوە


رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی سووریا لە عێراق داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات، کە لە هەرێمی کوردستانن و خوازیارن بگەڕێنەوە، پەیوەندییان پێوە بکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سووریا و دەتوانن لە رێگەی دەروازەی قائیمەوە بگەڕێنەوە، ئەگەر پابەندى داراییان لە ئەستۆدا بێت، پێویستە پاکتاوی بکەن.
 
ئەو داواکارییەی لە 12ی شوباتی 2026 لە راگەیێندراوی فەرمی لەلایەن باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا بڵاوکراوەتەوە.
 
باڵیۆزخانەی سووریا رایگەیاندووە، ئەو رێکارە لە دوای ئەوە بووە چەندین داواکارییان لە هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستانەوە پێگەیشتووە، کە دەیانەوێت بەهۆی دۆخی ئێستای ناوچەکە بگەڕێنەوە سووریا.
 
باڵیۆزخانەکە رایگەیاندووە پەیوەندیی بە دەسەڵاتی پەیوەندیداری عێراقەوە کردووە و ئامادەییان نیشانداوە بۆ پێشکێشکردنی هاوکاری و ئاراستەکردنی پێویست لەو بارەیەوە.
 
باڵیۆزخانەکە چەند رێکارێکی دیاریکردووە ئەو هاووڵاتییانە بیگرنەبەر بۆ ئەوەی لە دەروازەی قائیمەوە بگەڕێنەوە، لەوانە پێشکێشکردنی زانیاریی ورد لەبارەی ئەو کەسەی دەگەڕێتەوە لەگەڵ ئەوانەی یاوەری دەبن، لەگەڵ وێنەیەکی پاسپۆرتەکەی و ژمارەی تەلەفۆن؛ ئەگەر ماوەی پاسپۆرتەکەی بەسەرچووبوو، باڵیۆزخانەی سووریای لێ ئاگادار بکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی.
 
یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە، ئەگەر ئەو هاووڵاتییە سوورییە پارەی لە ئەستۆ بوو کە بیدات وەک پاکتاوی سزای پێبژاردن بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، پێویستە بیکات، ئەگەر سەرپێچى مەرجی مانەوە لە هەرێمی کوردستان هەبووبن.
 
ئەو داوایەی باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا، بەهۆی دۆخی جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بوو کە لە 28ی شوباتەوە دەستی پێکردووە.
 
باڵیۆزخانەی سووریا رۆژی 18ی شوباتی دیاریکردووە وەک دواڕۆژ بۆ پێشکێشکردنی داواکاریی هاووڵاتییان، بۆ ئەوەی بزانن ژمارەی ئەو کەسانە چەندە، کە دەیانەوێت لە رێگەی دەروازەی قائیمەوە بگەڕێنەوە و بۆ ئەوەی بۆ ئەو مەبەستە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقدا بکەن.