حیزبی دیموکرات: بە دوو درۆن لە دۆڵی ئاکۆیان بۆردوومان کراین
رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە دۆڵی ئاکۆیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بە دوو درۆن بۆردوومان کراون. بەرپرسێکی حیزبەکە دەڵێ، زیانی گیانیان نەبووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کاژێر 12:30ی ئەمڕۆ هەینی، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، بە دوو درۆن هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات لە دۆڵی ئاکۆیان".
فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت: "هێرشەکە لە بەرزاییەکانی دۆڵەکەی داوە و هیچ زیانێکی بۆ هێزەکانمان نەبووە".
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەرامبەر ئێران، تاوەکو ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 280 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، کە بەشێکی هێرشەکان دژی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یان کەمپی کەسوکاریان بووە لە هەرێمی کوردستان.