ژنێکی بەتەمەنی خانەقینی بە پێنج زمان قسە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەعدییە کەرەمی تەمەن 69 ساڵ بە پێنج زمان قسە دەکات، ئەو خەڵکی خانەقینە و دایکی چوار کوڕ و چوار کچە.
سەعدییە کەرەم 40 ساڵ لە نەخۆشخانەی خانەقین مامان بووە و ئێستا خانەنشینە، ئەو بەهۆی لێهاتووییەکەیەوە دەیان خەڵات و رێزلێنانی وەرگرتووە.
سەعدییە کەرەم دەڵێت، "کوردی هەر زمانی خۆمانە، عەرەبیش لە قوتابخانە فێر بووم، تورکمانیش لە هاوڕێ و دراوسێکانم فێربووم، خۆم زیرەکم و هەرشتێکم بڵێی فێردەبم، ئینگلیزیش هەر لە قوتابخانە فێربووم، زمانی هیندیش لە تەلەڤزیۆنەوە لەڕێگەی سەیرکردنی فیلمەکانەوە فێربووم."
سەعدییەی زمانزان بەهرەی شیعر نوسینیشی هەیە، دەیان هۆنراوەی هۆنیوەتەوە.
سەعدییە باس لەوەش دەکات، "زۆربەی خانەقین خۆم ولادەم کردووە بۆیان، جاران ئەمانە نەبوون، گشتیان تازەن، خۆم لێرەبووم، گولەن بوو، عالیە بوو، من زیرەکتر بووم، رۆژانە ناوکی زیاتر لە 10 کەسم دەبڕی."
سەعدییە لە ساڵی 1982 هاوژینەکەی کۆچی دواییکردووە، ئەوکات لە پۆلی 12ـی ئامادەیی بووە و لەبەر بەخێوکردنی منداڵەکانی وازی لە خوێندن هێناوە.