کۆبوونەوەکانی بەغدا و هەولێر لەبارەی گومرگ بەردەوام دەبن و چوار لیژنە پێکدەهێنرێت


رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەکانی لیژنەی تەکنیکیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق سەبارەت بە گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا بۆ رۆژی سێیەم بەردەوام دەبێت و چوار لیژنەی نوێیان پێکهێناوە.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دەستەی گشتیی گومرگی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: رۆژی دووشەممە 13ی نیسان کۆبوونەوەی لیژنەی تەکنیکیی نێوان هەرێمی کوردستان و دەستەی گشتیی گومرگ بۆ رۆژی سێیەم لە هەولێر بەردەوام دەبێت، بەڵام سەرۆکی دەستەکە بەشدار نابێت و کارەکە بۆ لیژنەکان جێهێڵدراوە".
 
لە 11ی نیسانەوە شاندێکی تەکنیکیی بەغدا کە لە وەزارەتی دارایی و دەستەی گشتیی گومرگن، گەیشتنە هەولێر و لەگەڵ دەستەی گشتیی گومرگ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی گومرگ و سیستمی ئەسیکۆدا دەستیان بە کۆبوونەوە کرد.
 
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە رووداوی رایگەیاند: چوار لیژنەی هاوتا لە هەردوولا پێکهێنراوە کە لیژنەی یاسایی، گومرگ، باج و ئای تی تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدان.
 
لیژنەکان لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی پێشووی نێوان هەولێر و بەغدایە لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و پێناسی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێکهێنراون.
 
گەیلان حاجی سەعید رایگەیاند، ئەو چوار لیژنەیەی پێکهێنراوە پێکەوە کاردەکەن تاوەکو رێککەوتنەکە دەکەوێتە سەرپێی خۆی و دواتر سیستمی ئەسیکۆدا دەدرێتە دەست هەرێمی کوردستان، بەشێک لە لیژنەکان بۆ رێکارە یاساییەکانە کە ئاسانکاری بۆ بازرگانان دەکەن.
 
بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لیژنە تەکنیکییەکان، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی گومرگ و ئەسیکۆدا ببرێتە ئەنجوومەنی وەزارى بۆ ئابووریی عێراق، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "بڕیار دراوە کۆبوونەوەی لیژنەکان بەردەوام بن تاوەکو دەگەنە ئەنجامی کۆتایی."