ئەم ساڵ لە چەمچەماڵ رێوڕەسمی فەرمی بۆ یادی ئەنفال ناکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیاردرا ئەم ساڵ لە قەزای چەمچەماڵ هیچ رێوڕەسمێکی فەرمی بۆ یادی کارەساتی ئەنفال نەکرێت. لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری لە خاوی پڕۆسەی هێنانەوەی رووفاتی قوربانییان دەدەن و رایدەگەیێنن، رووفاتی 155 ئەنفالکراو ساڵێکە لە بەغدا ماونەتەوە و نەهێندراونەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، هیچ رێوڕەسمێکی فەرمی بۆ یادی ئەنفال ناکرێت، ئەمەش بە پشت بەستن بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ کە لەم دۆخەی ئێستا هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی قەدەخە کردووە."
 
سەبارەت بە سەردانی هاووڵاتییان، قایمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوە کرد کە مۆنۆمێنت و مۆزەخانەی ئەنفال لە کاژێر 09:00ـی بەیانی تاوەکو 04:00ـی ئێوارە کراوە دەبن بۆ پێشوازیکردن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و دانانی تاجەگوڵینە، بەڵام هیچ گردبوونەوە و مەراسیمێکی گەورە بەڕێوەناچێت.
 
ئاسۆ بەکر داوای لە حکومەتی عێراق کرد، کارەساتی ئەنفال بە نێودەوڵەتی بناسێنێت و هەوڵی جیدی بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری قوربانییان بدات.
 
لەبارەی دۆسیەی هێنانەوەی رووفاتی قوربانییانی ئەنفال، ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی کۆمەڵی دادکۆکی لە پرسی ئەنفالان بە رووداوی رایگەیاند، "ئەگەر میکانیزمی گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان بەم شێوەیە بێت، ئەوا سێ سەدەی دیکەمان پێویستە بۆ هێنانەوەی تەواوی رووفاتەکان."
 
بە گوتەی ئەکرەم ساڵح لە 23 ساڵی رابردوودا  تەنیا 2,546 رووفات لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەرهێندراونەتەوە، لە کاتێکدا زیاتر لە 182 هەزار ئەنفالکراو هەن. گوتیشی، "تاوەکو ئێستا 399 رووفاتی گەرمیان هێندراونەتەوە؛ هەروەها لە شوباتی 2025ـەوە رووفاتی 155 شەهید لە دادپزیشکیی بەغدایە و تاوەکو ئێستا نەهێندراونەتەوە، پڕۆسەکە زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت و ئەوەش کەسوکاری ئەنفالکراوانی نیگەران کردووە."
 
ئەنفالی بە هەشت قۆناخ جێبەجێکرا، قۆناخی یەکەمی لە دۆڵی جافایەتی، لە 23ـی شوباتی 1988دەستیپێکرد، دوایین قۆناخیش لە بادینان لە 25ی ئابی 1988جێبەجێکرا، لەو ماوەیەدا زیاتر لە چوار هەزار گوند وێران کران و نزیکەی 182 هەزار کەسیش ئەنفال کران.