لە دهۆک مینی پاسێکی قوتابیان وەرگەڕا و 15 کەس بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی دهۆک-ئامێدی، مینی پاسێکی گواستنەوەی قوتابیان وەرگەڕا. بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک دەڵێ، 14 قوتابی و شۆفێرەکە بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، مەتین جەمیل، گوتەبێژی راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانیی ئەمڕۆ، لەسەر رێگەی دهۆک-ئامێدی، مینی پاسێکی گواستنەوەی قوتابیان وەرگەڕا؛ لە ئەنجامی رووداوەکەدا 14 قوتابی و شۆفێرەکەش بریندار بوون."
 
لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارەکان، مەتین جەمیل ئاماژەی بەوە کرد کە سەرجەمیان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە: "سێ لە قوتابییەکان برینەکەیان سەختە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدا دەمێنەوە، بەڵام تەندروستیی بریندارەکانی دیکە جێگیرە."
 
گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بریندارانەی کە دۆخیان باشە، دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانە دەردەچن و دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.