دابەشکردنی گازی ماڵان دوای ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر خێرا دەکرێ

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ کێڵگەی کۆرمۆر دەستی بە بەرهەمهێنانی گاز کردەوە. بەرپرسانی نەوت و کانزاکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخی گازی ماڵان دادەبەزێ.
 
وەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کەمبوونەوەی گازی شلی ماڵانی دروست کرد و بەهۆیەوە نرخی گران بوو.
 
رۆژی دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026،. کۆمپانیای دانەگاز لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا بەرهەمهێنانیان وەستاند، دەستیان بە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە کردەوە.
 
هەولێر و دهۆک؛ نرخ وەک خۆی لێدێت
 
سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر ئاسایی بووەوە. ئەگەر هیچ دۆخێکی لەناکاو روونەدات، 10 رۆژی دیکە نرخی گازی ماڵان ئاسایی دەبێتەوە و دۆخەکە وەک پێشتری لێ دێتەوە کە لیتری بە 700 دینار بوو، واتە بوتڵی حکومی بە 8500 دینار دەبێت و بازرگانیش لە 8500 تاوەکو 9 هەزار."
 
بە گوتەی سالار محەممەد، 60٪ـی گازیان لە رێگەی کارتەوە دابەش کردووە و دوای ئەوەی هەمووان وەریانگرت، دەست بە دابەشکردنی بوتڵی دووەم دەکەن.
 
لەبارەی هەمان بابەت، کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتی، "دابینکردنی گاز ئاسایی دەبێتەوە" و ئیدی رۆژانە بڕی پێویست دەگاتە دەستیان، بەوەش کێشەی کەمیی گاز لە سنوورەکە چارەسەر دەبێت.
 
گاز لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە
 
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "ئەگەر بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی بێتەوە، دوای هەفتەیەکی دیکە کێشەی گاز لە سنوورەکەمان نامێنێت."
 
قایمقامی هەڵەبجە رایگەیاند، "پێشتر هەفتانە 80 تۆن گازمان بۆ دەهات کە 40 تۆنی لە کۆرمۆرەوە بوو. بەڵام ئێستا تەنیا 40 تۆنمان لە کەرکووکەوە بۆ دێت و ئەوەش کێشەی بۆ دروست کردووین و نرخی بوتڵێک گازی بازرگانیی گەیاندووەتە 35 هەزار دینار."
 
هاوکات بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، "دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت. ئێستا بوتڵێک گازی بازرگانی نزیکەی 22 هەزار دینارە، لە کاتێکدا پێشتر بە 10 بۆ 12 هەزار بوو، حکومیش بە 8500 دینارە، بەڵام یەک دوو رۆژە دۆخەکە باش بووە، چاوەڕوان دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا زۆر باشتر بێت."
 
کەرکووک؛ نرخ وەک خۆیەتی
 
لە کەرکووک نرخ جێگیرە. ئەحمەد کەرکووکی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، "لە کەرکووک نرخ وەک خۆیەتی و گازی حکومی و تایبەت هەر بە 7 هەزار دینارە."