لە دوو ساڵدا مردن بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە 445 کەسەوە بۆ 98 کەس دابەزیوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی ئامارەکانی هاتووچۆ، ساڵی رابردوو 98 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا ساڵی 2022 بەهۆی رووداوەکانەوە 445 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەفسەرێکی هاتووچۆ دەڵێت، کامێراکان و باشترکردنی رێگەکان هۆکاری کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆن.
 
ئامارەکە لەلایەن (پڕۆژەی سەلامەتیی رێگەوبان، کواڵیتی ئۆتۆمبێل و هۆشیاریی هاتووچۆ) راگەیێندراوە و بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە و تێیدا هاتووە: "ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان، 779 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامیاندا، 98 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 437 کەسیش بریندار بوون".
 
ئاماری ساڵی 2023 بەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2022ـی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لەو ساڵەدا سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو. لەو رووداوانەدا 445 کەس گیانیان لەدەستدابوو و حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار ببوون.
 
بەگوێرەی ئەو دوو ئامارە، لەو ماوەیەدا مردن بە رووداوی هاتووچۆ 78% کەمیکردووە، لە 445 گیانلەدەستدانەوە بووە بە 98 گیانلەدەستدان.
 
هەر بەگوێرەی ئاماری ساڵانی 2022 بۆ 2024، رووداوەکانی هاتووچۆ لە سێ هەزار و 706 رووداوەوە کەمیکردووە بۆ 779 رووداوی هاتووچۆ.
 
لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەی رووداوەکانەوە، ئەفسەری هاتووچۆ، موقەدەم سامان عەلی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دانانی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ و کامێراکانی دیکەی تۆمارکردنی تیژڕۆیی لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆن".
 
ئەو ئەفسەرەی هاتووچۆ دەشڵێت: "باشترکردنی رێگەی شار و نێوان شارەکان کە زۆرینەیان کراون بە دوو ساید، هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی رووداوەکانی هاتووچۆیە، لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هۆشیارکردنەوە و رێکخستنی هاتووچۆ کاریگەریی باشی هەبووە".
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی 2020دا دوو هەزار و 413 رووداو روویانداوە، زۆرینەیان لە سلێمانی بووە کە هەزار و 19 رووداوە، پاشان لە هەولێر 748 رووداو و لە دهۆکیش 646 رووداو تۆمار کراون.
 
لە ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆ لە ساڵی 2018شدا هاتووە، هەزار و 333 رووداو تۆمار کراون و لە ئەنجامیاندا 265 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 394 کەسیش بریندار بوون.