لە گەرمیان کرێکارێک لەکاتی کاردا گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی مەیدان کرێکارێک بە ناوی ئازاد حەسەن محەممەد دانیشتووی نێو شاری کەلار گیانی لەدەستدا.
عەقید، عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کرێکارەکە لە هیچ باڵەخانەیەک نەکەوتووەتەوە خوارەوە، بەڵکو لەکاتی کاردا تەندروستی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بە رووداوێکی دیکەی سنوورەکەی کرد و گوتی، "درەنگی شەوی رابردوو لە گوندی سپیسەر لەنێوان چەند گەنجێکدا شەڕ دروستبووە و بەهۆیەوە گەنجێک کوژراوە".
پۆلیسی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەو گەنجەی کوژراوە ناوی شوان سەرتیب لەتیفە و لەدایکبووی 1993ـیە و لە هەمان رووداودا کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیرکراوە و پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.