چوارشەممە بەشێکی فەرمانبەرانی سێ وەزارەت مووچە وەردەگرن کە ناویان لە لیستی مووچەدا نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

سبەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەستپێدەکات. تیمی (هەژماری من) دەڵێت، بەشێکی فەرمانبەرانی سێ وەزارەت سبەی ناویان لە لیستی مووچەدا نییە، بەڵام مووچە وەردەگرن.
 
رۆژی سێشەممە 13ی ئایاری 2025 تیمی (هەژماری من) بڵاویکردەوە، سبەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەستپێدەکات، بەڵام بەشێکی فەرمانبەرانی سێ وه‌زاره‌ت کە ناویان لە لیستی مووچەدا نییە، زووتر له‌ واده‌ی خۆیان له رێگه‌ی (پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من) و لە ئامێرەکانی ATM مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن.
 
بەپێی ئەو لیستەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، سبەی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینی شارستانی، خاوەنپێداویستیی تایبەت، زیندانیانی سیاسی، بەرکەوتووانی کیمیاباران و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەش دەکرێت، بەڵام تیمی (هەژماری من) دەڵێت: "فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، پەروەردە و تەندروستی کە لە هەژماری من تۆمارکراون، دوای گەیشتنی نامەی ئاگادارکردنەوە، دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەگەر بەپێی لیستی مووچە بێت، ئەوانەی لەو سێ وەزارەتە هەژماری منیان نییە، سبەی مووچە وەرناگرن. فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی پێنجشەممە مووچە وەردەگرن و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵاش یەکشەممە مووچە وەردەگرن. 
 
سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی بە رووداوی گوت: "ئەو فەرمانبەرانەی ناویان لە هەژماری من تۆمارکردووە، سبەی دوای ئەوەی پارەکە خرایە سەر هەژمارەکەیان، نامەی ئاگادارکردنەوەیان پێدەگات، ئەو کات دەتوانن بچن مووچە وەربگرن."
 
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەر ئەمڕۆ لیستی مووچە بڵاوکرایەوە.