وەزارەتی دارایی: زیاتر لە دوو هەزار خانەنشین پێنج مووچە بەیەکەوە وەردەگرن


رووداو - هەولێر

وەزارەتی دارایی دەڵێت، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە زیاتر لە 10 هەزار مامەڵەی خانەنشینان تەواو کراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ مانگی ئایار زیاتر لە 2 هەزار خانەنشین پێنج مووچە بەیەکەوە وەردەگرن.
 
رۆژی سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە سەرپەرشتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئامادەبوونی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشین لە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک لەسەر راییکردنی مامەڵەی خانەنشینان بەڕێوەچوو و ئاوات شێخ جەناب جەختی لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان کردەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رێکارانەی پێشتر دەرکرابوون بۆ ئەوەی بە زووترین کات دۆسیەی خانەنشیان تەواو بکرێت.
 
لەبارەی ئەنجامی ئەو هەوڵانە، وەزارەتی دارایی دەڵێت: "توانراوە لە ماوەی رابردوودا کاروباری مامەڵەی خانەنشینان خێراتر بکرێت و لە سەرەتای مانگی شوباتەوە زیاتر لە 10 هەزار و 200 مامەڵەی خانەنشیان تەواوکراوە؛ بۆ مانگی ئایار زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی دیکە ناوەکانیان دەخرێتە لیستی مووچە و مووچەی پێنج مانگیان بۆ خەرج دەکرێتەوە".
 
وەزارەتی دارایی داوا لە وەزارەت و فەرمانگەکان دەکات، بەزوویی دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە بنێرن کە بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرچووە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی داوای کرد پەلە بکرێت لە دەرکردنی رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، لەسەر سەرجەم ئاستەکان و گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی.
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن؛ 164 هەزار خانەنشینی شارستانی و 148 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.