فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بۆ رووداو: رادەستکردنەوەی دۆسیەی ئەمنی لە قۆناخی کۆتاییدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک رایدەگەیێنێت، پرۆسەی رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک بە پۆلیسی خۆجێیی لە قۆناخی کۆتاییدایە. ئاماژە بەوەش دەکات، لە دیالەوە تاوەکو موسڵ، لیوا هاوبەشەکانی سوپا و پێشمەرگە بۆشاییە ئەمنییەکانیان پڕکردووەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026، فەریق روکن ساڵح حەرز، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک باسی لە دوایین رێکارەکانی کشانەوەی سوپا لە نێو شاری کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی ناوخۆ بەرنامەی کار و پلانی وردی بۆ وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە داڕشتووە و کارەکان لە قۆناخی کۆتایی دان."
 
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک گوتی، "وەزارەتی ناوخۆ تەواوی پێداویستییەکانی فەرماندەیی پۆلیس لەڕووی هێزی مرۆیی، ئۆتۆمبێل، چەک و تەقەمەنی دابین کردووە."
 
لە رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە حکومەتی عێراق بەناوی پرۆسەی سەپاندنی یاسا چووە کەرکووک و لەو کاتەوە سوپا لەو پارێزگایە هێشتا بەشێکی دۆسیەی ئەمنییان لە ئەستۆدایە و، چەند جارێک پێکهاتەکان و لایەنە کوردستانییەکان نیگەرانییان لەو بارەیەوە پێشانداوە، چەند جارێکیش گرژی لەنێوان سوپا و هاونیشتمانییانی کورد روویداوە.
 
سەبارەت بە مەترسیی بۆشاییە ئەمنییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک باسی لەوە کرد، "لەڕێگەی لیوا هاوبەشەکانەوە کە سوپا و هێزی پێشمەرگەن، ناوچە گرنگەکان لە سنووری پارێزگای دیالە، خورماتوو، کەرکووک تاوەکو موسڵ کۆنترۆڵکراون و هێزیان لێ جێگیرکراوە."
 
ساڵح حەرز دەڵێت، ئاستی هاوئاهەنگی نێوان هەردوولا "گەیشتووەتە قۆناخێکی باڵا و، لەڕێگەی ناوەندەکانی هاوئاهەنگی هاوبەشەوە پەیوەندیی بەردەوام هەیە."
 
باسی لەوەش کرد، بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی مەیدانیی هاوبەش لە ناوچە سنوورییەکان بە پاڵپشتی هێزی فڕۆکەوانیی سوپا ئەنجام دەدرێن، هەروەها "کۆنفرانس و کۆبوونەوەی بەردەوام بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەڕێوەدەچن."