ئاسیاسێڵ 125 ملیۆن دینار بە کەرتی تەندروستی و چاودێریی منداڵان دەبەخشێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، 125 ملیۆن دیناری بەخشییە کەرتی تەندروستی و چاودێریی منداڵان.
بەپێی راگەیێندراوێکی کۆمپانیاکە، کە 13ـی ئایاری 2026 بڵاوکراوتەوە، بڕی بەخشینەکە بەشێوەیەکی یەکسان دابەشکراوەتە سەر (ماڵی عێراقی بۆ داهێنان) لە بەغدا و (نەخۆشخانەی هیوا) بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە سلێمانی.
ئاسیاسێڵ دەڵێت، بۆ هەر لایەنێکیان بڕی 62.5 ملیۆن دینار تەرخانکراوە، ئەمەش بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی پێداویستییە پزیشکی و مرۆییەکانی هەردوو دامەزراوەکە لە خزمەتکردنی منداڵان و نەخۆشاندا.
ئاسیاسێڵ باس لەوە دەکات، لە هەفتەی رابردوودا، شاندێکی کۆمپانیاکە دوو سەردانی فەرمییان بۆ هەردوو دامەزراوەکە لە بەغدا و سلێمانی کردووە و تێیدا بەخشینەکەیان رادەستکردن، وەک دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی کۆمپانیاکە بە پاڵپشتیکردنی ئەو دەستپێشخەرییە مرۆییانەی کاریگەرییان لەسەر ژیانی کۆمەڵگە هەیە.
فارووق مستەفا رەسوول، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ئاسیاسێڵ رایگەیاند: "لە ئاسیاسێڵ، باوەڕمان وایە کە رۆڵی ئێمە تەنیا کورت نابێتەوە بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و چارەسەرە دیجیتاڵییەکان، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگە و وەستان شانبەشانی ئەو چین و توێژ و دامەزراوانەی پێویستیان بە هاوکارییە."
ئاسیاسێڵ، دابینکاری سەرەکیی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و دیجیتاڵییە لە عێراق و ژمارەی بەشداربووانی زیاتر لە 20 ملیۆن کەسە. ئاسیاسێڵ وەک یەکەمین کۆمپانیای مۆبایل لە عێراق ناسراوە تۆڕەکەشی زیاتر لە 99.06٪ـی دانیشتووانی عێراق دەگرێتەوە.