لە سنووری سۆران گورگ پەلاماری دوو هاوژین دەدات و برینداریان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندێکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گورگێک پەلاماری دوو هاوژینی ئاژەڵداری دا و هەردووکیانی بریندار کرد؛ یەکێک لە بریندارەکان دەڵێت: "گورگەکە خەریک بوو هەردووکمان بکوژێت."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-05-2026 لە گوندی سیتکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گورگێک چووەتە سەر ئاژەڵی هاونیشتمانییەک و دوای رووبەڕووبوونەوە، خاوەن ماڵ و هاوژینەکەی بریندار کردووە.
شێروان مەعروف، کە خۆی و هاوژینەکەی لە رووداوەکەدا بریندار بوون، بە رووداوی راگەیاند: "گورگەکە ویستی بچێتە نێو تەویلەی ئاژەڵەکانمان، کاتێک من و هاوژینەکەم گەیشتینە ئەوێ، راستەوخۆ پەلاماری هاوژینەکەمی دا و دەست و قاچی گەست، کاتێک ویستم لێی دووربخەمەوە، پەلاماری منیشی دا و هەردوو دەستمی بریندار کرد."
ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت: "گورگەکە زۆر دڕ بوو، بە جۆرێک پەلاماری داین نزیک بوو هەردووکمان بکوژێت."
سەبارەت بە دۆخی تەندروستییان، بەرەڤان سەباح، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران بە رووداوی گوت: "دوو بریندارەکە گەیێندرانە نەخۆشخانە کە تەمەنیان لە نێوان 40 بۆ 50 ساڵیدایە. شوێنەواری گەستنی گورگ بە دەست و قاچیانەوە دیار بوو."
بەرەڤان سەباح ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەری پێویست بۆ هەردووکیان کراوە؛ پیاوەکە بەهۆی سووکیی برینەکەی رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە، بەڵام ژنەکە بەهۆی ئەوەی برینەکانی قووڵترن، لەژێر چاودێریی پزیشکیدا ماوەتەوە.