هەژماری من بۆ رووداو: مووچەخۆران دەتوانن بچن مووچەکانیان وەربگرن
رووداو دیجیتاڵ
تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) دەڵێ، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە پارە گەیشتووەتە هەموو ئەو بانکانەی لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و مووچەخۆران دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن.
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، تیمی پڕۆژەی (هەژماری من) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا هەموو مووچەخۆران دەتوانن بچن مووچەکانیان وەربگرن؛ هەرچەندە بەیانیی ئەمڕۆ پارە بۆ بانکەکان دانەبەزیبوو، بەڵام لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆوە پارە بۆ گەیشتووەتە سەرجەم بانکەکان و دابەشکردنی مووچە دەستیپێکردووە."
بەپێی زانیارییەکانی پڕۆژەی (هەژماری من)، ئێستا لە 8 بانکی بەشدار لە پڕۆژەکە پارە هەیە و مووچەخۆران دەتوانن لە رێگەی 600 ئامێری ATMـەوە لە 200 شوێن مووچەکانیان وەربگرن.
ئەو بانکانەی بەشدارن بریتین لە:
1- بانکی جیهان.
2- ئارتی بانک (RT Bank).
3- بانکی بی بی ئەی سی (BBAC).
4- بانکی ئەهلیی عێراق.
5- بانکی ئیسلامیی عێراقی.
6- بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI).
7- بانکی بەغدا.
8- بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی.
بەیانی ئەمڕۆ پارە نەگەیشتبووە بانکەکان، بەڵام پڕۆژەکە دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران کە ئێستا دەتوانن پارەکانیان رابکێشن.
بەپێی دوایین ئاماری پڕۆژەی (هەژماری من) تایبەت بە مووچەی مانگی نیسان، ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی بەشێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن گەیشتووەتە 762 هەزار کەس.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوێنی سێشەممە خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی راگەیاند. بەپێی خشتەکە، دابەشکردنی مووچە لە رۆژی 13-5-2026 دەستپێدەکات و لە رۆژی 16-5-2026 کۆتایی دێت.