هەواڵگریی سەربازیی عێراق: ئەو چەکدارە داعشەی سێ ئەندامی حەشدی شەعبی لە سێدارە دا دەستگیرکرا


رووداو دیجیتاڵ

دوای 11 ساڵ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق دەستگیرکردنی چەکدارێکی داعشی راگەیاند کە سێ ئەندامی حەشدی شەعبی لەسێدارەداوە و چەندین کردەوەی دیکەی تیرۆریستیی لە کەرکووک کردووە.
 
عەقید حەیدەر محەممداوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق، رۆژی چوارشەممە 13ـی ئایاری 2026، تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد و بەدواداچوونی بەردەوامی بەشی هەواڵگری و ئەمنیی فیرقەی هەشتی پیادە، شوێنی نیشتەجێبوونی تیرۆریستێکی مەترسیدار لە یەکێک لە خانووەکانی قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک دەستنیشانکرا و لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا دەستگیرکرا."
 
سەبارەت بە ناسنامە و تاوانەکانی ئەو کەسە، عەقید حەیدەر ئاشکرای کرد کە دەستگیرکراوەکە بەشداریی لە چەندین کردەوەی چەکداریدا کردووە، لەوانە، لەسێدارەدانی سێ ئەندامی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2015 لە نێو بازاڕی حەویجە، تیرۆرکردنی موختاری ناوچەیەک و هەروەها تیرۆرکردنی ئەندازیارێک لە کەرکووک."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی هەواڵگریی سەربازی، ئێستا ئەو کەسە بەپێی رێکارە یاساییەکان رادەستی لایەنی داواکار کراوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی "سزای دادپەروەرانە" ببێتەوە.
 
ئەمە یەکەمجار نییە بکوژانی ئەندامانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک رووبەڕووی سزا دەبنەوە؛ پێشتر لە 4ـی ئاداری 2020، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ چەکدارێکی دیکەی داعش دەرکرد کە بەهەمانشێوە سێ ئەندامی حەشدی شەعبی لە کەرکووک رفاندبوو و دواتر کوشتبوونی.
 
دادگەی تاوانەکان لەو کاتەدا رایگەیاندبوو، بەڵگەکان بۆ تاوانبارکردنی ئەو کەسە "تەواو و بەهێز" بوون، بۆیە بەپێی مادەی چوارەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، قورسترین سزای بەسەردا سەپێنرا.