بەرپرسێکی کۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا بۆ رووداو: قەیرانەکان ئاستەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان زیاتر کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا چالاکییە دیپلۆماسییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێکردەوە و بەرپرسێکی باڵای کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتەش دەڵێت، "قەیرانەکان" کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە.
ریبێکا ماتس، بەرپرسی کاروباری سیاسی، بازرگانی و پەیوەندییەکان لە کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لە وەڵامی نامەیەکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداو رایگەیاند: "باڵیۆزی ئەڵمانیا لە بەغدا و کۆنسووڵی گشتی لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە ستافەکەیان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان."
ئەم گەڕانەوەیەی دیپلۆماتە ئەڵمانییەکان دوای ماوەیەک لە چاودێریکردنی وردی دۆخی ئەمنی ناوچەکە دێت لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵیی ئەڵمانیاوە. ماتس ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرکی سەرەکییان لەم قۆناخەدا دروستکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان و ئامادەکارییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەموو چالاکییەکان، بە بەشی ڤیزاشەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، ریبێکا ماتس گوتی: "هێشتا تەحەداکان ماون، کە هەندێکیان بەهۆی قەیرانەکانی ئەم دواییەوە خراپتر بوون، بەتایبەت لە بابەتەکانی پەیوەست بە بازرگانی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا."
ئەو بەرپرسە ئەڵمانییە جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی ساڵانێکی زۆرە وەبەرهێنانی سیاسی، دارایی و سەربازی لە سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کردووە، ئێستاش دەیانەوێت سەرنجی زیاتر بخەنە سەر "بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان" لە پێناو خۆشگوزەرانیی زیاتر.
لە چوارچێوەی دەستپێکردنەوەی کارەکانیدا، ئەلبێرت ڤۆن ڤیتکە، کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سیاسی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کردووە، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.
سەبارەت بە پرسی ڤیزە، کە زۆرترین هاووڵاتی چاوەڕێی دەکەن، ریبێکا ماتس روونیکردەوە کە کردنەوەی بەشی ڤیزا و کۆنسووڵخانە کەمێک کاتی دەوێت، بەڵام جەختی کردەوە کە "ئەم دواکەوتنە تەنیا پەیوەندی بە ئاستەنگی تەکنیکییەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە بارودۆخی ئەمنییەوە نییە."