دادوەر ئاسۆ محەممەد بۆ رووداو: دادوەرانی کورد لە دادگە باڵاکانی بەغدا نەماون

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پێشووی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، هیچ دادوەرێکی کورد لە دادگەی باڵای تاوانەکان و دادگەی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی نەماوە؛ هاوکات پێشبینی دەکات سبەی سزای سێدارە یان زیندانی هەتاهەتایی بۆ "جەللادەکەی نوگرە سەلمان" دەربچێت.
 
دادوەر ئاسۆ محەممەد، سەرۆکی پێشووی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق، لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو، پەردەی لەسەر گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە پێکهاتەی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لادا و گوتی: "ئێستا نە لە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق و نە لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی هیچ دادوەرێکی کورد نەماوە، لەکاتێکدا پێشتر لە کۆی پێنج دادوەری دادگەی باڵای تاوانەکان سێیان کورد بوون و یەکێکیشیان سەرۆکی دادگەکە بوو."
 
سەبارەت بە دۆسیەی عەجاج تکریتی، کە بە یەکێک لە جەللادە دڕندەکانی زیندانی نوگرە سەلمان لە سەردەمی ئەنفالدا دەناسرێت، دادوەر ئاسۆ ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژی پێنجشەممە، 14-05-2026، رۆژی بڕیاری کۆتایی دەبێت.
 
دادوەر ئاسۆ دەڵێت: "بەڵگەکان حاشاهەڵنەگرن و دەیسەلمێنن کە عەجاج هەموو جۆرە تاوانێکی دژی ئەنفالکراوان لە نوگرە سەلمان کردووە، هەر لە برسیکردن و ئەشکەنجەوە تاوەکو دەستدرێژیی سێکسی. ناوی ئەو قوربانییانەشم لایە کە لەلایەن عەجاجەوە دەستدرێژییان کراوەتەسەر." جەختیشی کردەوە کە سزای ئەو تاوانە دەگاتە "زیندانی هەتاهەتایی و لەسێدارەدان."
 
سەرۆکی پێشووی دادگەی باڵای تاوانەکان تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی دادگاییکردنەکە و رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە سکاڵاکاران و شایەتحاڵەکان بەتەمەنن و زمانی عەرەبی نازانن، لە کاتی وەرگێڕاندا هەندێکجار گوتەکانیان بە هەڵە تۆمار دەکرێت، ئەمەش گوشاری لەسەر پرۆسەکە دروست کردووە.
 
دادوەر ئاسۆ محەممەد رەخنەی تووندی لە جێبەجێنەکردنی یاسا گرت و گوتی: "سەتان تاوانباری جینۆسایدی کورد لە عێراق فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە، بەڵام دەستگیر ناکرێن. تەنانەت حاڵەتی وا هەبووە تاوانباری ئەنفال دەستگیرکراوە و دواتر ئازادکراوە."
 
بڕیارە سبەی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق کۆببێتەوە و بەپێی یاسا، هەر بڕیارێک دەربچێت، تاوەکو 30 رۆژ دەرفەت هەیە بنێردرێتە دادگەی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی بۆ پەسندکردن؛ ئەو دادگەیەی کە وەک دادوەر ئاسۆ دەڵێت، ئێستا "هیچ دادوەرێکی کوردی تێدا نەماوە."