ئێران رێگەنادات فەقێ و خوێندکارانی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی شارەکانیان بخوێنن


رووداو دیجیتاڵ 

دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بڕیاریانداوە، فەقێ و خوێندکارانی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ تەنیا لە شارەکەی خۆیان بخوێنن. قوتابخانە ئایینییەکان و مامۆستایان ئاگادارکراونەتەوە فەقێی ناخۆجێی، واتە ئەو فەقێ و خوێندکارەی خەڵکی خودی شارەکە نەبێت، وەرنەگرن.
 
مامۆستایانی ئایینی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی بڕیارەکەن و دەڵێن، ئەو بڕیارە لە چوارچێوەی ئەو گوشارانەیە دوای پشتیوانییان لە ناڕەزاییەکانی پار دەستی پێکردووە. مامۆستا ساڵح شەریفپوور لە شاری بانە دەڵێت، ئەگەر بڕیار بە خۆجێی و ناخۆجێیی بێت، دەسەڵاتدارانیش خۆجێیی نین.
 
لەسەر ئەو هەڵوێستانەیان لە میانەی ناڕەزاییەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، مامۆستایانی ئایینی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، کەوتوونەتە ژێر گوشاری زۆری دامودەزگا ئەمنی و ئایینییەکانی ئێران. 
 
تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 مامۆستا بە زیندان، لێدانی قامچی و لێوەرگرتنەوەی مافی پێشنوێژی و مەلایەتی سزادراون. هەروەها بڕیاردراوە قوتابخانە ئایینییەکان قوتابی ناخۆجێی وەرنەگرن و فەقێکان دەبێ تەنیا لە شارەکانی خۆیان بخوێنن.
 
بڕیارەکە لە کاتێکدایە، لە کۆنەوە فەقێ و خوێندکارانی ئایینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ تەواوکردنی خوێندن، شار و ناوچەی جیاواز گەڕاون و رێگرییان لێ نەکراوە، بۆیە مامۆستایانی ئایینی پێیانوایە باجی ئەو هەڵوێستانەیان دەدەنەوە.
 
دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکان لە مانگی 9ی 2022ـەوە، رۆژانە بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی شار و ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ئەمجۆرە پەیامانە، پشتیوانی خۆیان لە ناڕەزاییەکان دەردەبڕی و هانی دەسەڵاتی ئێرانیان دەدا گوێ لە خواستەکانی خەڵک بگرێت.