بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خەڵکی سەقز رۆژێک دووکان و بازاڕەکانیان نەکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە، لە بازاڕی شاری سەقز بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی هەموو دووکان و یەکە پیشەییەکان داخران، جگە لە دەرمانخانە یان نانەواخانەکان کە شوێنی دابینکردنی پێداویستی سەرەکین.
مانگرتنەکە لەسەر داواکاری چالاکڤانانی مەدەنی سەقز بوو کە لە رۆژانی رابردوودا داوایان لە خەڵک کردبوو لە بەرامبەر گۆڕانکاریی لە گۆڕستانی شار و دەستگیرکردنی کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان، بەشێوەی مەدەنی ناڕەزایەتی دەرببڕن.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ئەو کەسانەی سەردانی گۆڕستانی ئایچی سەقزیان کرد، لە دەوروبەری مەزاری ژینا ئەمینی بینیویانە لۆدێر و گرێدەرەکانی شارەوانیی سەقز خەریکن هەندێ گۆڕانکاری لەو شوێنەدا دەکەن، گۆڕانکارییەکەش بۆ ئەوەیە شوێن بۆ گۆڕی نوێ ئامادە بکەن، هەندێ کەس پێیان وایە بۆ ئەوەیە مەزاری ژینا ئەمینی چیدیکە بەرچاو نەبێت و دەستڕاگەیشتن پێی ئاسان نەبێت. هەروەها چوونی خەڵک بۆ سەر گڵکۆکەی سنووردار ببێتەوە.
گڵکۆی ژینا ئەمینی کە سیمبۆلی ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردووە، لە ماوەی چەند مانگی رابردووشدا زیانی پێگەیێنراوە و چەندینجار کەسانی نەناسراو شووشەی سەر گڵکۆکەیان شکاندووە.
ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو رێوڕەسمە، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی دانیال پایبەندی، مێرمنداڵی تەمەن 17 ساڵ کە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی پاردا گیانی لەدەستدا.
دایکانی دادخواز و کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان خەڵکی شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان، بەو بۆنەیەوە لەوێ لەسەر گۆڕەکەی کۆبوونەوە. بەڵام ئەوان کە زیاتر لە 30 کەس بوون دواتر دەستگیر کران، زۆریان بە وەرگرتنی بەڵێننامە، نیوەشەو ئازاد کران، بەڵام شەش کەسیان هێشتا لە زیندان دان. ئەو دوو رووداوە کاریگەریی لەسەر رای گشتیی شاری سەقز هەبوو.
ژینا ئەمینی، گۆڕستانی ئایچی و شەقامەکانی سەقز دیسان ناوەندی ناڕەزایەتیین. ناڕەزایەتییەکانی پاییزی رابردووش لەوێوە دەستیان پێکرد. رۆژی 13ی مانگی 9ی ساڵی رابردوو، ژینا ئەمینی لە تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە دەستبەسەرکرا. باری تەندروستی تێکچوو و سێ رۆژ دواتر گیانی لەدەستدا.
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران دەڵێت: "ئەو رووداوەی کە روویدا، کچێکی گەنج کۆچی دواییکرد، رووداوێکی دڵتەزێن بوو، ئێمەش پێی ناڕەحەت بووین. بەڵام دژکردەوە بەم رووداوە، بێئەوەی سووکایەتی پێکرابێت، بێئەوەی بە روونی دیاربێت کە چی روویداوە، ئەوە نەبوو هەندێ کەس ئاسایشی شەقام تێکبدەن. راشکاوانە دەیڵێم، ئەمە ئەمریکا و رژیمی ساختەی زایۆنی پلانیان بۆ دانابوو."
تەرمی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی نێژرا و ناڕەزایەتیی لەوێوە دەستیپێکرد. بوو بە گەورەترین و درێژماوەترین ناڕەزایەتی چوار دەیەی رابردوو، ناڕەزایەتییەک کە هێشتا لێکەوتەکانی ماوە.