سووتانی کۆگاکەی رێگەی هەولێر – گوێڕ مەترسیی ژەهراویبوونی هاونیشتمانییان دروست دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆكی بەشی ئەندازیاریی رووپێوان لە زانكۆی پۆلەتەكنیكی هەولێر دەڵێت: هیچ رێکارێکی ژینگەیی لە پیشەسازیی نەوتدا لە هەرێمی کوردستان لەبەرچاو ناگیرێت و لەکاتی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەش بەپێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتیش پێیوایە زبڵخانەی کانی قرژاڵە و پاڵاوگەکانی رێگەی هەولێر – گوێڕ گەورەترین سەرچاوەی ژەهراویبوون و مەترسین لەسەر تەندروستی گشتیی.
 
د. رێبین سەمەد، سەرۆكی بەشی ئەندازیاریی رووپێوان لە زانكۆی پۆلەتەكنیكی هەولێر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە مژارەکەی تایبەت بوو بە وردەکاریی زیان و مەترسییەکانی ئاگرەکەی رێگەی هەولێر – گوێڕ گوتی: مەترسی ئاگرکەوتنەوە لە پیشەسازیی نەوت هەمیشە مەترسییەکی گەورەیە و بەپێی قەبارەی ئاگرەکەش پێدەچێت نەوتی قوورس لەو کۆگایانەدا هەبووبن.
 
گوتیشی: "پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان یەکناگرنەوە و تەنانەت لەکاتی سووتان و ئاگرکەوتنەوەشدا رەچاوی بنەما و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ناکرێت."
 
بە گوتەی سەرۆكی بەشی ئەندازیاریی رووپێوان لە زانكۆی پۆلەتەكنیكی هەولێر مەترسی و کاریگەرییەکانی ئەو دووکەڵ و گازە ژەهراوییانەی بەهۆی سووتانی سێ کۆگای قیڕ لە رێگەی هەولێر – گوێڕ تێکەڵی هەوا بوون کاریگەریی لەسەر 80 کیلۆمەتر دووری لە چەقی ئاگرەکە هەیە و جگە لە پیسبوونی هەوا ئەو گازە ژەهراوییانە دەبنە هۆکاری پیسبوونی خاک و پێویستە دواتر پشکنین بۆ رێژەی پیسبوونی خاک بکرێت.

 

 
"پاڵاوگەکانی رێگەی هەولێر – گوێڕ هێندە نازانستین تەنانەت لە زەوی کشتوکاڵییدا دروست کراون کە ئەوەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە" د. رێبین سەمەد وای گوت.
 
'ژەهراوی بوونی هاونیشتمانییان'
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ د. سەنگەر محەممەد، پسپۆری تەندروستیی گشتی لەبارەی کاریگەرییە تەندروستییەکانی ئاگرکەوتنەوەی رێگەی هەولێر – گوێڕ و تێکەڵبوونی رێژەیەکی زۆر دووکەڵ و گازی ژەهراوی بە هەوا گوتی: گاز پێکهاتەی کیمیایی مەترسیدارە کە هەوا پیس دەکات.
 
گوتیشی: پیسبوونی هەوا کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی هەناسە دروست دەکات لەکاتێکدا کۆئەندامی هەناسە خێراترین و مەترسیدارترین رێگەی ژەهراویبوونی مرۆڤە.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی تەندروستیی گشتیی هیچ رێکارێکی تەندروستی لە پاڵاوگە و کۆگاکانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان نین و گوتی: سەری کۆگاکانی پاڵاوگەکان کراوەن و بۆنیان دێت خودی ئەو بۆنە هاونیشتمانییان هەستی پێدەکەن مەترسیدار و ژەهراوییە.
 
"زبڵخانەی کانی قرژاڵە و پاڵاوگەکان سەرچاوەی مەترسیی ژەهراویبوونی هاونیشتمانییان،" د. سەنگەر محەممەد، پسپۆری تەندروستیی گشتی وای گوت.
 
گوتیشی: پێویستە لە سیاسەتی تەندروستی ئەم حاڵەتانە لەبەرچاوبگیرێت و پلانێک هەبێت بۆ ئەوەی لە ئەگەری رووداوێکی لەمجۆرە لەرووی تەندروستییەوە چۆن مامەڵە بکرێت و خەڵک چۆن خۆی لە زیانە تەندروستییەکانی ئەو گازانە بپارێزت کە دەبنە هۆی ژەهراویبوون.
 
'رەچاونەکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان'
 
هاوکات لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ شوان کەمال، شارەزای سەلامەتی گشتی کە لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی بەشداربوو باسی لە نەبوونی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکانی سەلامەتی لە پاڵاوگە و کۆگاکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: پێویستە هۆکارە ریشەییەکانی رووداوی ئاگرەکەی رێگەی هەولێر – گوێڕ دەستنیشانبکرێت و هەندێکجار بەهۆی کەمتەرخەمی و نەزانینەوە رووداو و مەترسیی گەورە دروست دەبن.
 
گوتیشی: دەبێت راهێنان بەشۆفێری تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و کرێکار و کارمەندانی پاڵاوگەکان بکرێت تاوەکو نەبنە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگر و دروستبوونی مەترسی.
 
"شۆفێری تانکەر هەیە لەژێر تانکەرەکە چێشت لێدەنێت،" شوان کەمال وای گوت.
 
گوتیشی: دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ خاوەنی ئەو پاڵاوگانە بکرێت کە کۆد و ستانداردە جیهانییەکان جێبەجێ ناکەن و ئەگەر کۆد و ستانداردە جیهانییەکان جێبەجێبکرێن ئەم کارەساتانە روونادەن.
 
بە گوتەی ئەو شارەزایەی سەلامەتی گشتی: نابێت رێگە بە بوونی پاڵاوگەی نافەرمی و نایاسایی بدرێت و ئەگەر پاڵاوگەیەکی نافەرمی ببێتە سەرچاوەی رووداوێکی نەخوازراو ئەوا مەترسیی لەسەر ژیانی هەموو کەسێک دروست دەکات.
 
کاژێر 8:30ی خولەکی شەوی 12-06-2024 ئاگر لە سێ کۆگەی قیڕ لە رێگەی هەولێر - گوێڕ کەوتەوە، دوای زیاتر لە 18 کاژێر ئینجا ئاگرەکە کوژایەوە، لە ئەنجامی سووتانی کۆگاکان دووکەڵێکی زۆر تێکەڵ بە هەوای شاری هەولێر بوو.