دایكێكی كورد داوای تەرمی كوڕەكەی لە حكومەتی ئوسترالیا دەكاتەوە
رووداو-هەولێر
ماوەیەكی كورت بوو لەگەڵ یەكێك لە ئافرەتەكانی كەمپی كۆچبەران لە ناورو هاوسەرگیری كردبوو، دایكی و هاوڕێكانی لە كەمپ دڵیان خۆش بوو كە پاش ماوەیەكی زۆر لە تێكچوونی باری دەروونی، دواجار فەریبۆرز كەرەمی، پەناخوازی كورد، چاوی لە داهاتووە و خەون بە ژیانێكی نوێوە دەبینێ. بەڵام پاش چەند هەفتەیەك، تەرمی فەریبۆرز لە ژێر خێوەتەكەی خۆیدا دۆزرایەوە.
دایكی فەریبۆرز حكومەتی ئوسترالیا بە بەرپرسیار دەزانێ لە چارەنووسی كوڕەكەی و داوا دەكات تەرمەكەی لە ئێران و لە ناورو نەنێژرێ.
فەزیلە مەنسووربەگی، دایكی فەریبۆرز، چەند رۆژێك دوای مەرگی كوڕەكەی لە نامەیەكدا بۆ هێزەكانی سنووری ئوسترالیا (ABF) دەڵێت: "ماوەی پێنج ساڵە خۆم و دوو منداڵەكەی منتان لە ناورو بەند كردووە و پشتگوێتان خستووین. ئێوە تەنانەت مۆبایلێكتان بە من رەوا نەبینی، چونكە دەترسان لێتان لە قاو بدەم، بەڵام هەمیشە پێمدەگوتن ئەگەر شتێك بەسەر منداڵەكانم بێت، بێدەنگ نابم".
فەزیلە و دوو كوڕەكەی ماوەی پێنج ساڵ دەبێ لە كەمپی كۆچبەرانن لە ناورو كە یەكێكە لەو شوێنانەی حكومەتی ئوسترالیا بۆ رێگریكردن لە هاتنی كۆچبەری نایاسایی دایمەزراندووە. سیاسەتی حكومەتی ئوسترالیا ئەوەیە كە هیچكام لەو كۆچبەرانەی بە بەلەم روو لەو وڵاتە دەكەن، نابێ مافی نیشتەجێبوونیان پێبدرێ، بۆیەش یەكسەر رەوانەی كەمپی وەكو ناورویان دەكەن و لەوێ رایاندەگرن.
دەیان وڵاتی رۆژئاوایی، نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ ئەو رەفتارەی حكومەتی ئوسترالیا بە نایاسایی دەزانن.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، عەلی برای فەریبۆرز، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا داوای هاوكاریی كرد و گوتی: "هەست بە بێ دەرەتانی دەكەم، چونكە هیچ كەسێك نییە یارمەتیمان بدات. دایكم نەخۆشە و براكەم تووشی خەمۆكیی قورس بووە". راپۆرتی پزیشكی رێكخراوی خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشكی جیهانی لە مانگی نیسان قسەكانی عەلی پشتڕاست دەكەنەوە. لە بەشێك لە راپۆرتەكەدا هاتبوو "فەریبۆرز بەهۆی ئەوەی لە تەمەنی 10 ساڵان لە ئێران دەستبەسەركراوە، لە دۆخێكی یەكجار سەختدا ژیان بەسەر دەبات".
هاوڕێیەكی نزیكی فەریبۆرز لە كەمپەكە بە رۆژنامەی (گاردیەن)ی بەریتانی راگەیان كە رۆژێك پێش رووداوەكە چاویان بەیەك كەتبوو "بەڵام فەریبۆرز ماوەیەكی زۆر بوو بەدەست دۆخی نالەباری خێزانەكەیەوە ئازاری دەچەشت، ئەو هەم نەخۆش كەوتبوو، هەمیش تاقەتی لێبڕابوو". فەریبۆرز كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بوو، یاریزانێكی تۆپی پێ بوو، ماوەیەك پێش مردنە گوماناوییەكەی، توانیبووی لەگەڵ هاوڕێ ئێرانییەكانی لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ناورو ببەنەوە.
لە ساڵی 2012ەوە كە كەمپەكانی سەر دوورگەكانی دەرەوەی خاكی ئوسترالیا كراونەتەوە، 12 كۆچبەر بەهۆی نەخۆشی، برین یان خۆكوشتن گیانیان لەدەستداوە. ژمارەیەكی زۆری دیكەش لەلایەن پاسەوانانی كەمپەكانەوە كوژراون یان بەهۆی نەمانی دەرمانەوە مردوون، ئەمە جگە لەوەی دەیان كەسیش لە رێگەی قاچاخ كوژراون.
كێ لە مردنی فەریبۆرز بەرپرسیارە؟
بەگوێرەی راپۆرتێكی (گاردیەن)، پشكنین بۆ تەرمی فەریبۆرز كراوە، بەڵام بەرپرسانی كەمپەكە بە فەزیلەیان راگەیاندووە كە راپۆرتی كۆتایی سێ مانگی دەوێ هەتا دەربچێ و تاوەكو ئەو كاتیش تەرمەكەی بۆ ناشتن نادرێتەوە دەست خێزانەكەی. خێزانی فەریبۆرز مانی لە خواردن گرتووە و ئامادە نییە جگە لە ئاو هیچی دی بخواتەوە. شەوانیش لە نزیك ئەو بەفرگرە دەخەوێ كە تەرمی مێردەكەیان تێدا هەڵگرتووە.
گوتەبێژی فەرمانگەی كۆچبەرانی ئوسترالیا بە رۆژنامە بەریتانییەكەی راگەیاندووە "فەرمانگەكەی ئێمە ئاگاداری ئەو حاڵەتی مردنەیە. بەڵام لێكۆڵینەوەكانی دیكە لەو كەیسە دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی حكومەتی ناورو" كە لەساڵی 1968ـەوە سەربەخۆیی لە ئوسترالیا، بەریتانیا و نیوزیلەند وەرگرتووە و زۆر جار بە "دوورگەی خۆش" ناودەبردرێ. حكومەتی ئوسترالیا ئەو دوورگەیە و دوورگەی مانوس لە پاپوا نیو گینیا بۆ دانانی كەمپی دوورەدەستی كۆچبەران بەكاردەهێنێ.
بەڵام ستافی كەمپەكەی ناورو كە فەزیلە بە قەسابخانە و ئەشكەنجەخانەی ناورو ناوی دەبات، حكومەتی كانبێرا بە بەرپرسیار دەزانێ و دەڵێت "ئەم رووداوە لە كەمپێكی حكومەتی ئوسترالیادا روویداوە".
فەزیلە لە بەشێك لە نامەكەیدا بەرپرسانی حكومەتی ئوسترالیا و كەمپی ناورو بە تاوانباری كوشتنی كوڕەكەی دەزانێ و نووسیویەتی: "لەو رۆژەوە تەرمی كوڕەكەی منتان لەناو بەفرگردا هەڵگرتووە. ئەگەر بەدوای بكوژی كوڕەكەمدا دەگەڕێن، بۆن بەدەستی خۆتانەوە بكەن. ئەوە ئێوە بوون كە ماوەی پێنج ساڵ ئەوتان لە ژێر ئەم گەرما كوشندەیەدا راگرت و ئێستاش تەرمەكەیتان لەو شوێنە ساردەدا راگرتووە".
دوو رۆژ پێش مردنی كوڕەكەی، فەزیلە نامەیەكی بۆ كۆمپانیای كۆنستراكت نارد كە لایەن حكومەتی ئوسترالیاوە ئەركی پاسەوانی و چاودێری كەمپی كۆچبەرانی ناوروی پێ دراوە. لە نامەكەدا كە رۆژی 13ی حوزەیرانی ئەمساڵ نووسراوە، هاتووە "منداڵەكانم تووشی خەمۆكی بوون، خۆیشم لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە تێكچووم. تاوەكو ئێستا چەندین جار داوای یارمەتیم لێكردوون، بەڵام هەموو جارێ برینێكی قووڵترتان خستووەتە سەر دڵم، ئەگەر دۆخی منداڵەكانم و خۆم لەوەی ئێستا خراپتر بێ، ئێوە بەرپرسیارن".
فەریبۆرز نەخۆشیی خەمۆكی هەبووە و پێشتر لە تەمەنی 10 ساڵاندا لە ئێران ئەشكەنجە درابوو. راپۆرتی پزیشكانی كەمپەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە گەنجە 26 ساڵانەكە بە دەست كەمخەوییەوە دەیناڵاند، شەوان كابووسی هەبووە و مانەوە لە كەمپەكە بارە دەروونییەكەی هێندەی دیكە تێكدابوو.
فەزیلە كە دوای مردنی كوڕەكەی لەژێر چاودێری سەختی پاسەوانانی كەمپەكەدایە، لە یەك ساڵی رابردوودا چەندینجار داوای باشتركردنی رەوشی چادرەكەیانی كردووە، بێ ئەوەی بەرپرسانی كەمپەكە ئاوڕێك لە داواكارییەكەیان بدەنەوە. ئێستاش فەزیلە لە خەمی گیانی كوڕە 12 ساڵانەكەی دیكەیدایە كە تیمی پزیشكی كەمپەكە دەڵێن "لە دۆخێكی یەكجار نالەباری دەروونیدایە".