جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناچارن گەنمەکەیان هەرزانفرۆش بکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

کەمیی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە و جووتیاران دەڵێن، ئەو بڕەی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەستنیشانکراوە زۆر کەمە و ناچارن بەرهەمەکانیان بە پارەیەکی کەم بفرۆشنەوە بە بازرگانەکانی عێراق، چونکە لە عێراق تەواوی بەرهەمی جووتیاران وەردەگیرێت.
 
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە چوارشەممە 12-07-2023 بە شێوەیەکی مەیدانی نوێنەر فاتیح لە سایلۆی دهۆک پێشکێشی کرد، تێیدا ژمارەیەک جووتیار ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر ئەو بڕە گەنمەی کە بۆیان دانراوە رادەستی سایلۆی بکەن.
 
"ستەم لە جووتیارانی کورد دەکرێت"
 
جووتیارێک لە بەرنامەکەدا گوتی، "ستەم لە ئێمەی کورد کراوە، بڕێکیان بۆ ئێمە دەستنیشانکردووە، بەڵام بۆ جووتیارانی عێراق دەرگای سایلۆکان واڵایە و هەرچەند بەرهەمیان هەبێت لێیان وەردەگیرێت، هەربۆیە ناچار ئێمە گەنمەکەمان بە نرخێکی کەم بە جووتیارانی عەرەب دەفرۆشین و ئەوانیش لە موسڵ بە سایلۆکانی دەدەن."
 
وەلید عەرەب، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک گوتی، "ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زۆر باش بووە، بەڵام بڕێکی کەم بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە."
 
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "تەنیا لە دهۆک پێشبینیی 425 هەزار تۆن بەرهەمی گەنم دەکەین، بەڵام 125 هەزار تۆنمان لێ وەردەگرن، ئەوەش گرفتی بۆ جووتیاران دروستکردووە."
 
"قەیرانی متمانە"
 
هەر لە بەرنامەکەدا سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کەمیی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان گوتی، "هەرێمی کوردستان و عێراق تووشی قەیرانی متمانە بوون، چونکە عێراق پێیوایە لە ساڵانی رابردوودا هەرێمی کوردستان گەنمی هاوردەی تێکەڵی گەنمی جووتیاران کردووە."
 
سۆران عومەر گوتیشی، "عێراق گومانی لەو داتا و ژمارانە هەیە کە لەبارەی زەویی کشتوکاڵییەوە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و تاوەکو ئەو قەیرانی متمانەیە بەردەوام بێت، ئەم گرفتانە بەردەوام دەبن."
 
سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر پێیوایە جیاوازیی زۆر لەنێوان جووتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت و دەڵێت، "100% بەرهەمی جووتیارانی عێراق وەردەگیرێت."
 
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر پێشبینی دەکات بەرهەمی گەنمی پارێزگای هەولێر ئەمساڵ 450 هەزار تۆن بێت، بەڵام بە‌غدا تەنیا 145 هەزار تۆنیان لێ وەردەگرێت.
 
"رووپێویی زەوییە کشتوکاڵییەکان"
 
لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا لەگەڵ د. حەیدەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق، باسی لەوە کرد کە پێویستە زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان رووپێوی بکرێن.
 
د. حەیدەر نووری گوتی، "ئێمە نیگەرانین کە برایانمان لە هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە ئەو 500 هەزار تۆنە دەستنیشانکراوە بە شێوەیەکی باش روون بکەنەوە بۆ جووتیاران، کە بەسەر دوو ملیۆن و 800 هەزار دۆنمدا دابەشکراوە. ئەوە رووبەرێکی زۆر گەورەیە و 500 هەزار تۆن کەمە بۆ ئەو رووبەرە، بەڵام راستییەکەی ئەو رووبەرە زیادەڕۆیی تێدا کرابوو، هەرێمی کوردستان داوای کرد ملیۆنێک و 800 هەزار تۆن وەربگیرێت، بەڵام ئەو ژمارەیە زۆر گەورە و ناڕاستە، ئێمە تێدامابووین ئایا ملیۆنێک و 800 هەزار تۆن بەرهەمیان هەیە یا 250 هەزار تۆن، بۆیە ئێمە 500 هەزار تۆنمان دەستنیشانکرد، چونکە بەراوردمان کرد بە حەوت پارێزگا و گەیشتینە ئەو بڕە."
 
د. حەیدەر نووری بۆ چارەسەری ئەو گرفتە بە پێویستی دەزانێت، رووپێوییەکی راستەقینە هەبێت لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ناوەندی بۆ گەیشتن بە ژمارەی راستەقینەی رووبەری زەویی کشتوکاڵیی هەرێمی کوردستان کە بە شێوەیەکی دروست چێندرابێت.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق، لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی نادروست مامەڵە لەگەڵ دابەشکردنی بڕی وەرگیراوی گەنم کراوە و لەوبارەیەوە دەڵێت، "هەندێک زەوی نەچێندراون، بەڵام نووسراوی فەرمی دراوەتە جووتیارەکە. بۆ نموونە، من جووتیارێکم لە کەلار، 10 هەزار دۆنم زەویم هەیە و ئەمساڵ نەمچاندووە، بەڵام لەو 500 هەزار تۆنەی لە هەرێمی کوردستانەوە هاتووە، بڕێکی بۆ من دانراوە."
 
د. حەیدەر نووری گوتیشی، "لە هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندنەکانمان زیاتر نەبوو لە ملیۆنێک و 600 هەزار دۆنم، کە چێندراون و پێویستە بەرهەمی 500 هەزار تۆن گەنم تەنیا بۆ ئەو ملیۆن و 600 هەزار دۆنمە بێت کە چێندراوە نەک دوو ملیۆن و 800 هەزار دۆنم و تەنانەت ئەوانەی نەچێندراون پشکیان بۆ دانراوە، ئەمە کاریگەریی کردووەتە سەر جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە 500 هەزار تۆن دابەشکراوە بەسەر دوو ملیۆن و 800 هەزار دۆنمدا و بەشی هەر دۆنمێک بووەتە 135 کیلۆگرام، ئەوەش راست نییە یان 200 کیلۆ و 250 کیلۆگرام کە راست نییە."