جەعفەر ئیمینکی: ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی کاتین و چارەسەر دەبن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دەڵێت، وەڵامی کۆمیسیۆنی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەرێنی دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ لەمپەرێکی سیاسی لە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەماندا نییە.
رۆژی پێنجشەممە، 13-07-2023، جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی مییایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی هۆکاری ''رژدبوون''ـی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، رەوایی هەرێمی کوردستان گرێدراوە بە بەردەوامبوونی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی بتوانێت بەهێزتر و کاراتر رۆڵی خۆی لە پڕۆسەی دیموکراسیدا ببینێت.
جەعفەر ئیمینکی ئاماژەی بەوە کرد، گرنگە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان پێکەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان هەوڵێکی جدی بدەن، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، لەسەر بانگەوازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دووجار وادەی هەڵبژاردن دیاریکراوە.
بڕیار بوو 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، کۆمسیۆن و ژمارەی کورسیی پێکهاتەکان، نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک و هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی نەکرا.
دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتنە رێککەوتن، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی رۆژی 09-10-2022، تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات.
بۆ جاری دووەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد کە 18-11-2023 بوو.
دوای دوو مانگ لە دەستنیشانکردنی ئەو وادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 30-05-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد کە یەکێک لەوان درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو. دادگەکە بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
لە 22ى ئایارى 2023 پەرلەمان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، ئەو کاراکردنەوەیەش "نایاسایی"یە.
ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێك داوای لە كۆمیسيۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنى عێراق کردووە، کە ئامادهيى نيشان بدات بۆ سهرپهرشتيكردنى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان.
ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوبارەوە گوتی، تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە، ''بەڵام زەمینە بۆ وەڵامێکی ئەرێنی لەبارە، چونکە دەزانین لایەنی دیکەش لە بەغدا هەن کە لەگەڵ بۆچوونی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هاوڕان و پێیانوایە دەبێ کۆمیسیۆن بە ئەرکی خۆی هەڵسێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات و هیچ پاساوێکی سیاسی نەهێنێتەوە.''
سەبارەت بە بودجەی هەڵبژاردن، جەعفەر ئیمینکی گوتی: "کۆمیسیۆنی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەڕووی داراییەوە پێویستی بە بودجەیەکی دیکە هەیە و ''ئەوە داوایەکی رەوایە، لەوبارەشەوە دڵنیام ئەگەر وەڵامی فەرمی بدەنەوە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی داراییشیان بۆ دەکات.''
بەگوتەی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی، هیچ بەربەستێکی سیاسیی لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمان نییە و سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان درکی ئەوە دەکەن کە دەبێ ئەم قۆناخەی ئێستا خێراتر تێپەڕێت، ''بۆ ئەوەی لەم بۆشاییە یاساییە دەرباز بین کە بەردەوامبوونەکەی مەترسیدارە.''
جەعفەر ئیمینکی باس لەوەش دەکات، گەنگەشەی لایەنە سیاسییەکان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و ''داواکارییە سیاسییەکان رێزیان لێ گیراوە و ئەو رێککەوتنانەی لە نێوان پارتی و یەکێتی کراون، زەمینەیەکی باش دەبن بۆ قۆناخی داهاتوو، بۆ ئەوەی بتوانین یاسای هەڵبژاردن بە هەموارێکی سەردەمیانە دەستەبەر بکەین کە تێبینیی هەموو لایەنێکی تێدا بگونجێت.''
هاوپەیمانێتی [کورد و غەری کورد] بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا کێشەلەسەرەکان
زیاتر لە 10 رۆژە تۆمارکردنی لیستی هاوپەیمانێتییەکان و حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەستیپێکردووە، ئەوە لەکاتێکدایە لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی تاوەکو ئێستا لەسەر ئەوە رێکنەکەوتوون کە لە پارێزگا کێشەلەسەرەکان بە یەک لیستی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی لەبارەی ناکۆکیی نێوان حیزبەکەی و یەکێتی دەڵێت، ''ئەم ناکۆکییە سنووردار و کاتین و ناکۆکیی قووڵ نین، سەبارەت بەو مەلەفانەی باس کراون لێکتێگەیشتنی باش هەن و هەردوو لایەن بە روحێکی بەرپرسانە لە دانیشتنەکان بەردەوام بوونە و بەردەوامیش دەبن.''
رۆژی یەکشەممە، 9ـی تەممووزی 2023، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بەڕێوەچوو کە یەکێک لە تەوەرەکان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و بەشداریی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بوو.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ کەس و لایەنێک بدات، بە تووڕەییەوە رایگەیاند: "یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێتەوە و لە ئەمڕۆ بەدواوە هەر شتێک رووبدات، وەکو خۆی وەڵامدەدرێتەوە. یەکێتی مێژووە، خوێنی شەهیدە، قوربانییە." بە دەنگێکی بەرزیشەوە گوتی: "یەکێتی هێزە."
ئەو تووڕەبوونەش دوای ئەوە هات کە لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە پیرمام، سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی میوانی بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند، "یەکێتی حەجم و قەوارەی وەکو جاران نەماوە و دەبێت پێداچوونە بە حەجم و قەوارەی بکات."
جەعفەر ئیمینکی سەبارەت بە هۆکاری تووڕەبوونەکەی بافل تاڵەبانی گوتی: ''پێوستی بە تووڕەبوون نەبوو، بەڵام هەندێکجار هەندێک لێدوان لەکاتی خۆیاندا نین، لە کەشوهەوایەکی هاوشێوەی ئێستا دەبێ یەکدی بەو شێوەیەی کە داوا دەکرێت بخوێنینەوە.''
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی لەبارەی پلانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئاماژەیدا، یەکگرتوویی و دروستکردنی هاوپەیمانی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان [کورد و غەیری کورد] لە نەینەوا و کەرکووک، زیاتر دەنگدەران بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن هان دەدات.
وەک جەعفەر ئیمینکی دەڵێت، مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا و کەرکووک، بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکان سەرپشک کراون.