گوتەبێژی یەکگرتوو: پێشوازی لە هەنگاوەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، پێشوازی لە داواکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن کە ئاراستەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن.''
رۆژی پێنجشەممە، 13-07-2023، خەلیل ئیبراهیم، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بوولتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخێزر پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''پێشوازی و پشتیوانی لە داواکارییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. ئێمەش داوامان ئەوەیە کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئەم بابەتە بە جیدی وەربگرێت و هەر ئاستەنگێک لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانە لایبدات.''
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە کۆتایی مانگی ئایاردا بڕیاری ''نادەستووریبوون''ـی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی دا؛ بەپێی ئەو بڕیارە، کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانیش بە ''نایاسایی'' ناسێنرا.
بۆیە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 10-7-2023 لە نووسراوێكى فهرميدا داوای لە كۆمیسيۆنى باڵاى سهربهخۆى ههڵبژاردنى عێراق کرد بۆ سهرپهرشتيكردنى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان ئامادهيى نيشان بدات.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوەکەدا هانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراقی داوە رۆژی 18-11-2023 یان 18-12-2023 هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات.
خەلیل ئیبراهیم داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکات، پشتیوانی لە داواکارییەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت و هەرێمی کوردستان لەم ''قەیران''ـە دەربازی بێت.
گوتەبێژی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کرد، دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق، ''تەنیا کۆمیسیۆنی عێراق دەتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمان راپەڕێنێت و ئەرکی سەرۆکی هەرێمی کورستانیشە لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت، جگە لەوە هیچ رێگەیەکی دیکە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نییە''.
خەلیل ئیبراهیم گوتیشی، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەدان بەرەیەکی یەکدەنگ و بەرفراوان لە ئۆپۆزیسیۆن دروست بکرێت'' بۆ ئەوەی گوشار بخرێتەسەر دەسەڵات تاوەکو بەو ئاستەی هەیە "گەندەڵی، ستەم و نادادپەروەری لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت''.
وەک گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، ئێستا قەیرانێکی گەورە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و نائومێدییەکی زۆر لە نێو خەڵکدا دەبینرێت کە ''تەنیا رێگەی دەربازبوون لەم قەیرانەش، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە.''
بڕیارە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت کە تەنیا لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ناکرێت. خەلیل ئیبراهیم لەوبارەوە گوتی، پێویستە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە پارێزگا کێشەلەسەرەکان بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن و هاوپەیمانییەکی کوردستانی پێکبهێنن؛ گوتیشی، ''ئەوە یارمەتیدەری پاراستنی پێناسەی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەیە و کاریگەری لەسەر مادەی 140ـیش دەبێت''.