قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواو بوو

رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر دەڵێت، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواو بووە و ئەمڕۆ بە شێوەیەکی ئەزموونی ئاو دەگاتە بەشێکی گەڕەکەکان. باسی لەوەش کرد: "سەرەتا لەو گەڕەکانە تاقیدەکرێتەوە کە زیاتر لە 60٪یان کێشەی کەمئاویان هەیە".
 
رۆژی شەممە، 12ـی تەمموزی 2025، هێمن نەزیف، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواو بوو، کە لە سنووری شارەوانی چوار، 5 و 6 دەکەوێتە کار، واتا لە شەقامی رەشکین- موسڵ تاوەکو شەقامی کۆیە و دەرەوەی 120 مەتری هەولێر." دەشڵێت، یەکشەممە بە شێوەیەکی ئەزموونی دەگاتە کۆمەڵێک گەڕەکی ئەو ناوچانە".
 
بە گوتەی هێمن نەزیف، کارەکانی هێڵێکی پڕۆژەکە تەواو بووە، کە لەلایەن هەردوو کۆمپانیای هێمن گرووپ و کۆمپانیای قەیوان جێبەجێ دەکرێت. گوتیشی: "لە 01ـی تەمموزەوە دەست کرا بە تێستکردنی هێڵەکانی کارەبا و دواتر ئاو هاتە نێو وێستگەی وەرگر، دواتر قۆناخەکانی تێست کردن دەستی پێکرد و وێستگەکانی پاڵاوتن تێست کران و دواتر ئاو گوازرایەوە بۆ عەمبارەکانی ئاو لە سێبیران و دواتر دەست کرا بە تێست کردن و شوشتنی گشت بۆڕییەکان کە دانرابوون".
 
لە ماوەی 72 کاژێری داھاتوودا بە شێوەیەکی ئەزموونی ئاو دەگاتە گەڕەکەکانی (تورەق - مامزاوا - سەرکارێز - قەتەوی - میرزا ئەحمەد - نازماوە - گردمحەممەد - ژیان - قەرەبووی ژیان - گردەرەشە - قەرەبووی تۆبزاوا - ئاسوودە - رۆشنبیری - فەرمانبەران - زیلان - 5ی حیسارۆک - گەلاوێژ - ھاوکاری و بێرکۆتی نوێ). سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر وای گوت.
 
لەبارەی قۆناخی دووەم، هێمن نەزیف گوتی: "لە سێ بۆ چوار مانگی داھاتوودا هەموو پڕۆژەکە تەواو دەبێت، ئاو دەگاتە گەڕەکەکانی دیوی دەرەوەی 150 مەتری تاوەکو شەقامی کۆیە".
 
پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە رەوانەی هەولێر دەکرێت.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات، کە دەکاتە 60٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40٪ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەر سێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.