پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەک لە ئاستی باڵا لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام بەڕێوەبچێت و هەریەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی تێیدا ئامادە بن.
 
رووداو لە دوو سەرچاوەی پارتی و یەکێتی پشتڕاستی کردەوە کە کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدایە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەی سبەی دا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات جێگرانی سەرۆکی پارتین بەشداری دەکەن".
 
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش بە رووداوی گوت، سەرۆکی شاندی حیزبەکەیان بۆ کۆبوونەوەکە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەبێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکرێت.
 
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.