وەرگرتنی گەنم لە سلێمانی کۆتاییهات؛ هەولێر و دهۆک داوای درێژکردنەوەی وادەی وەرگرتن دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی تەواو بوو. بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێریش دەڵێت: "15ـی ئەم مانگە دواین رۆژی وەرگرتنی گەنمە لە هەولێر، بەڵام داوای 10 رۆژ درێژکردنەوەمان کردووە" .
 
رۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، میران بەختیار، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا گەنمی دیبەگە و گوێڕیش ئێمە وەریدەگرین، کە ئەویش 27 هەزار تۆنە، تاوەکو ئێستا پێنج هەزار و نیو تۆن وەرگیراوە، 12 هەزار تۆنیش لە هەولێر ماوە وەربگیرێت، کە ئەمەش کاتێکی زۆرتری دەوێت و تاوەکو 15ـی تەممووز تەواو نابێت کە دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنمە".
 
پشکی گەنمی پارێزگای هەولێر 122 هەزار تۆنە. میران بەختیار گوتی: "تاوەکو دوێنی نزیکەی 110 هەزار تۆن وەرگیراوە".
 
بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر دەڵێت: "هەفتەیەکە لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین، دوو رۆژی رابردوو لیژنەیەکیان لێرە بوو بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، نووسراومان بۆ بەغدا کردووە تاوەکو پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ ماوەی 10 رۆژ درێژبکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەرێنی نییە".
 
هاوکات نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک بە رووداوی گوت: "دوایین وادە بۆ ئێمەش 15ـی تەممووزە، بەڵام سبەی بە نووسراوی فەرمی داوا لە بەغدا دەکەین کە کاتەکەمان بۆ درێژبکەنەوە، چونکە هێشتا گەنم ماوە و بە دوو رۆژی دیکە تەواو نابین".
 
بڕی وەرگرتنی گەنم لە دهۆک 117 هەزار و 911 تۆنە، بە گوتەی نازم محەممەد: "تاوەکو دوێنی 99 هەزار و 760 تۆن لە جووتیاران وەرگیراوە".
 
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بوو لە سلێمانی، پێویستمان بە درێژکردنەوەی کاتەکەی نییە و داوامان نەکردووە".
 
پشکی گەنم بۆ وەرگرتن لە پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 158 هەزار تۆنە. نەسرین ئەحمەد دەڵێت: "تاوەکو دوێنێ 155 هەزار تۆن وەرگیراوە".
 
پار، حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. ئەم ساڵیش هاوشێوەی پار، حکومەتی عێراق تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگرێت.
 
بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان زیاترە لە 400 هەزار تۆن، بۆ ساخکردنەوەی گەنمی ماوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی داوە، ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە بۆ هەر تۆنێکی گەنمی پلە یەک 550 هەزار دینار و پلە دوو 525 هەزار لەلایەن دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت وەربگیرێن.
 
وەرگرتنی گەنم لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە 15ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و مانگێک بەردەوام دەبێت، دوای دوو مانگ لە وەرگرتنی گەنمەکە، دەبێت پارەکەی بدرێتە جووتیاران.