لە ئامێدی ورچێک هێرش دەکاتە سەر شوانێک و برینداری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ئامێدی، ورچێک هێرشی کردە سەر شوانێک و "بە سەختی" برینداری کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ شوانێک مێگەلی بردووەتە لەوەڕگە و لەوێ ورچێک هێرشی کردووەتە سەر مەڕەکانی، ئەویش ویستوویەتی دووری بخاتەوە لە ئاژەڵەکان، بەڵام پەلاماری ئەویشی داوە".
بە گوتەی مەسعود بۆتی، ورچەکە "زۆر بە خراپی" هێرشی کردووەتە سەر ئەو شوانە و بەشێکی زۆری جەستەی بریندار کردووە. باسی لەوەش کرد: "دوای چارەسەری سەرەتایی گواستراوەتە بۆ نەخۆشخانەی دهۆک و ئێستا تەندروستیی باشە".
ئەو شوانە ناوی هۆشیار ساڵحە و تەمەنی 52 ساڵە، خەڵکی کانی ماسییە.
هاوکات فوئاد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە کاتی هێرشەکەدا، شوانەکە دەیتوانی بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی، بیکوژێت، بەڵام ئێستا دوای رووداوەکە هەوڵ دەدرێت دەرزیی سڕکەر لە ورچەکە بدرێت و دواتر بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دوور لە ئاوەدانی".
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت: "بەهۆی پڕۆسەی ئاشتی و نەبوونی دەنگی چەک لە چیاکان، ئەم ساڵ ورچ و ئاژەڵەکان زیاد بوون، تاکە چارەسەر ئەوەیە بیانگوازنەوە بۆ شوێنێکی دوور".