دوای 9 مانگ لە مردنی، تەرمی شیبووەوەی کچە مۆدێلێکی پاکستانی بەخاکسپێردرا
رووداو دیجیتاڵ
خانمە مۆدێل و ئەکتەری پاکستانی، هومەیرا ئەسغەر، کە تەرمە شیبووەکەی هەفتەی رابردوو لە شوقەکەیدا لە شاری کەراچی پایتەختی پاکستان دۆزرایەوە، ئێوارەی رۆژی هەینی لە شاری لاهۆر بەخاکسپێردرا.
مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەی لە گەڕەکی مۆدێل تاون بەڕێوەچوو و تەنیا ژمارەیەکی کەم لە خەڵک ئامادەی بوون. بەگوێرەی پۆلیس، ئەنجامە سەرەتاییەکان ئاماژە بە بوونی هیچ کارێکی گوماناوی لە مردنەکەیدا ناکەن.
پێشتر، وا بڵاوکرابووەوە کە خێزانەکەی رەتیانکردووەتەوە تەرمەکەی وەربگرنەوە، چونکە دوای ئەوەی چووەتە نێو بواری هونەرییەوە، خۆیان لێ بەری کردبوو.
راپۆرتی توێکاریی پزیشکی وێنەیەکی خراپی رووداوەکە نیشان دەدات. پسپۆڕانی پزیشکیی دادوەری پشتڕاستیان کردەوە کە تەرمی هومەیرا "لە قۆناخێکی درەنگی شیبوونەوەدا" بووە، بەشێوەیەک کە ئەندامە سەرەکییەکانی جەستەی شیببوونەوە "سیماکانی دەموچاوی بە تەواوی نەدەناسرانەوە."
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "بەشێک لە جەستەی بە تەواوی شانەی ماسولکەیی تێدا نەمابوو و ئێسکەکانی بە دەستلێدان ورد دەبوون."
لێکۆڵەران ئاماژەیان بە بوونی مێروو لە پاشماوەی تەرمەکەدا کردووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "پسپۆڕان دەڵێن کە ئەم وردەکارییانە رەنگە یارمەتیدەر بن لە دیاریکردنی ئەو بارودۆخە ژینگەییەی کە تێیدا تەرمەکە بەبێ دەستکاریکردن ماوەتەوە."
وردەکاریی زیاتر لە راپۆرتە توێکارییەکەدا باس لەوە دەکات، "بەگوێرەی ئەنجامی توێکاری، سەر و بڕبڕەی پشت وەک خۆیان مابوونەوە، بەڵام دڕکەپەتک نەمابوو، چونکە تەرمەکە زۆر شیبووەوە. هەروەها مێرووی رەنگ قاوەیی هەبوون، بەتایبەتی لە قژیدا، بەڵام هیچ کرمێک نەدۆزرایەوە."
هۆکاری مردنەکەی هێشتا ئاشکرا نەکراوە
بەهۆی ئاستی بەرزی شیبوونەوەکە، هۆکاری وردی مردنەکەی لەم قۆناخەدا نەتوانراوە دیاری بکرێت. بەڵام میدیاکانی پاکستان ئاماژە بەوە دەکەن کە پشکنینی دی ئێن ئەی و پشکنینی ژەهری بۆ دەکرێت و رەنگە زانیاریی زیاتر ئاشکرا بکەن.
دۆزینەوەی تەرمەکە دوای ئەوە هات، کە خاوەن شوقەکەی هومەیرا ئەسغەر سکاڵای لەسەر نەدانی کرێ تۆمارکرد، ئەمەش وای لە پۆلیس کرد بچنە نێو شوقەکەوە، لەوێ تەرمەکەیان دۆزییەوە.
سەید ئەسعەد رازا، جێگری پشکنەری گشتیی پۆلیس راگەیاند، بەپێی تۆماری پەیوەندییەکانی هومەیرا، دوایین پەیوەندی لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 پێوەی کراوە. دراوسێکانیشی رایانگەیاندووە کە دواجار لە دەوروبەری مانگی ئەیلوول یان تشرینی یەکەم بینیویانە.
بەرپرسان باسیان لەوە کردووە کارەبای شوقەکە لە تشرینی یەکەمی 2023 بەهۆی نەدانی پارەوە بڕدرابوو و هیچ سەرچاوەیەکی کارەبای یەدەگ لە شوقەکەدا نەبووە.
بەرپرسێک گوتی: "تەرمی هومەیرا ئەگەری هەیە هی 9 مانگ لەمەوبەر بێت. رەنگە لەنێوان پێدانی دوا پسووڵەی خزمەتگوزارییەکان و کاتی بڕینی کارەباکەی لە ئۆکتۆبەری 2023 گیانی لەدەستدابێت، کە ئەگەری هەیە بەهۆی نەدانی پارەی پسووڵەکەوە بووبێت،" هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ مۆمێک لە ماڵەکەدا نەبووە.
تاکە شوقەی دیکە لە نهۆمەکەی هومەیرا ئەسغەر چۆڵ بووە، بۆیە دراوسێکانی هەستیان بە هیچ بۆنێک نەکردووە. کاتێک هەندێک لە دانیشتووان لە مانگی شوباتدا گەڕاونەتەوە، بۆنەکە نەمابوو. یەکێک لە دەرگاکانی باڵکۆنەکەی بە کراوەیی دۆزراوەتەوە و بۆرییەکانی ئاوی ماڵەکە وشک و ژەنگاویی ببوون.
لێکۆڵەرێکی دیکە ئاماژەی بەوە کرد کە خواردنی نێو ماڵەکەی هومەیرا ماوەیەکی زۆر بوو بەسەرچووبوو. "قوتووەکان ژەنگیان هەڵهێنابوو و خواردنەکە شەش مانگ لەمەوبەر بەسەرچووبوو."
سەرەتا، پۆلیس رایگەیاند کە خێزانەکەی رەتیانکردووەتەوە تەرمەکە وەربگرنەوە. بەڵام دواتر براکەی، نەوید ئەسغەر، گەیشتە کەراچی بۆ وەرگرتنەوەی پاشماوەی تەرمەکەی. پشکنینی دی ئێن ئەی کرا، چونکە تەرمەکە بە سەختی شیبووەوە و بە چاو نەدەناسرایەوە. نەوید گوتی: "ئێمە هاتووینەتە ئێرە و دوای جێبەجێکردنی هەموو رێکارە یاساییەکان، تەرمەکەمان وەرگرتووەتەوە."
ئەو ئاشکرایکرد، کە هومەیرا نزیکەی 7 ساڵ لەمەوبەر لە لاهوورەوە چووەتە کەراچی و لە خێزانەکەی دوورکەوتبووەوە. نزیکەی ساڵ و نیوێک بوو سەردانی نەکردبوون. نەوید گوتی: "هەر بۆیە باوکم گوتی ئەگەر هەر بارێکی لەناکاو روویدا، دەتوانن هەر لەوێ لە کەراچی بینێژن."
هومەیرا کە خەڵکی لاهۆر بوو، لە ساڵی 2015 دەستی بە کاری هونەری کرد. لە چەندین زنجیرە درامای تەلەڤیزیۆنیدا وەک Just Married، Ehsaan Faramosh، Guru، و Chal Dil Mere بە رۆڵی لاوەکی دەرکەوت. لە بواری فیلمیشدا، لە فیلمی Jalaibee (2015) و دواتریش لە فیلمی Love Vaccine (2021) بینرا.
لە ساڵی 2022 ناوبانگێکی زیاتری پەیدا کرد کاتێک بەشداریی لە Tamasha Ghar کرد، کە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی بوو. هەروەها لە ساڵی 2023 خەڵاتی باشترین بەهرەی نوێ و ئەستێرەی دەرکەوتووی لە خەڵاتەکانی سەرکردایەتیی نیشتمانیی ژنانی پاکستان وەرگرت.