هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ سەرکردەکانی کوردستان: ماڵی لێکترازاوی کورد رێکبخەنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، کاتێک وردەهێزەکان کۆدەبنەوە دەبن بە هێزێکی نەبەز، ئەو کاتەشی دژی یەکتر دەوەستنەوە، دەبن بە هێزێکی بەزیو. بە سەرکردەکانی کوردستانیش دەڵێت: "کاتی ئەوەیە ماڵی لێکترازاوی کورد رێکبخەنەوە".
 
رۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بابەتێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "هاووڵاتی بەبێ کوردستان و خاک، باڵندەیەکی بێهێلانە و هاووڵاتییەکی بێ وڵات و ناوێکی بێ ناسنامەین."
 
بە سەرکردەکانی کوردستان دەڵێت: "هەموو رێگاکانتان تەی کرد، هەموو کوێرەڕێ و لاڕێ، شوێنپێ، تون و دەروازەکانی نەگەڕانەوەتان تاقیکردەوە؛ دوژمنایەتیی دەنیی، نادان، خودان، سەردار، تاجدار و شاخدارتان کرد، دۆستایەتیی خراپ، باش، هەڵە، چاک، رێک، لار، راست، خوار و هەموویتان کرد، ئەزموون و عیبرەتتان لە سەرکەوتن نەکرد، ئیتر کاتی ئەوەیە ئەزموون و عیبرەت لە کەوتن بکەن."
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر داوا دەکات، ماڵی لێکترازاوی کورد رێکبخرێتەوە . "لە ئەسکەندەرەوە تاوەکو هۆلاکۆ و تاوەکو ئەمڕۆ، هەرکات بەرەی کورد یەکبووبێت سەرکەوتووە، ئەوکاتەشی کە لەت دەبن پارچەکەتان چەند گەورە بێت هەر دەکەون."
 
داوا لە سەرکردەکان دەکات لەگەڵ خۆیان، خەڵک و لەگەڵ یەکتریش ئاشت ببنەوە. گوتیشی: "کاسەی بەتاڵانبراوی بەتاڵکراوی بەستەمخوراوی خەڵک پڕکەنەوە؛ ئارامی بۆ دەروون، ئاسایش، کۆمەڵ، ئاشتی بۆ گشتی بگێڕنەوە" .
 
پارێزگاری سلێمانی گوتی: "کاتێک وردەهێزەکان کۆدەبنەوە دەبن بە هێزێکی نەبەز، ئەو کاتەشی لە دژی یەکتر دەوەستنەوە دەبن بە هێزێکی بەزیوو؛ هاووڵاتیبوون، دادگەری، دەوڵەتداری و حوکمی رەشید بچەسپێنن. دەسەڵاتداری، بنەماڵەگەری، ماڵ، باڵ، مناڵگەری، دەستەبەندی، خۆپەرستی، خۆسەپێنی، خۆپەسەندی، ناوچەگەری، خێڵسەروەری، خۆخۆیەتی و پاوانخوازی بسڕنەوە" .
 
لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت، بیر و باوەڕ، گوفتار و کردارتان یەکخەن. خۆتان رێکخەن جارێکی دیکە مەبنەوە بە کلکی تەور و قەدی یەکتر مەبڕنەوە. مەبنە خەنجەری بەجێماوی غازی پشت و پشتی خۆتان مەشکێننەوە، بۆ دژبەری یەکمەکەون، رەدووی دوژمنان مەکەون، یەککەون با سەرکەون.