راوێژکاری پێشووی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، کوێستان محەممەد بانگهێشتی دیبەیت دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، راوێژکاری پێشووی وەزارەتەکەیان داوای ئۆتۆمبێلەکەی کردووە و لەبەر ئەوەی نەمانداوەتێ پێیگوتوون گەندەڵ. راوێژکاری پێشووی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش بە کوێستان محەممەد دەڵێت: "بانگهێشتی دیبەیتێکی بەرپرسیارانەت دەکەم".
 
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو فوئاد سدیق، راوێژکاری پێشووی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند: "ئەوەی ئەمڕۆ لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی روودەدات، تەنیا گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو پووکانەوەی ئەم چەترە کۆمەڵایەتییەیە". هەروەها وەزیر و بریکارەکەی بە "گەندەڵ" و "نەزان" وەسف دەکات و دەڵێت: "وەزیرێک کە ئەرکی دابینکردنی کاروباری کۆمەڵایەتییە، پێویستی بە "هۆبەی خامەی نهێنی" هەبێت، ئەمە پارادۆکسێکی کوشندەیە. کاری کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای شەفافیەت و ئاشکرایی بونیادنراوە. خامەی نهێنی لێرەدا ئامرازێک نییە بۆ نووسین، بەڵکو ئامرازێکە بۆ سڕینەوەی شوێنپێی گەندەڵی".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمەتبار دەکات بە هەبوونی چوار ئۆتۆمبێل؛ کە یەکێکیانی داوەتە کوڕەکەی بۆ هاتووچۆی زانکۆ. دەڵێت: "هێشتا بەم چوار ئۆتۆمبێلە دڵی ئاو ناخواتەوە، نووسراوی بۆ مانگی سوور کردووە کە سێ ئۆتۆمبێلی پێبدەن".
 
رۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دوو نووسراومان کردووە، یەکیان بۆ دەستەی دەستپاکی، ئەوەی دیکەیان بۆ دیوانی چاودێری، کە ئەگەر کەمتەرخەمییەک هەبێت ئەوان بیسەلمێنن".
 
لەبارەی ئۆتۆمبێلەکان، کوێستان محەممەد دەڵێت: "کوڕەکانی من هەرگیز ئامادە نەبوون تەنانەت سەر سەیارەکانی حکومەتیش بکەون، من خۆم لە سلێمانی کارم هەبێت بە تاکسی یان سەیارەی کوڕەکانم دەڕۆم".
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "دەتوانن بێن و سەیری نووسراوەکان بکەن کە ئایا ئێمە نووسراومان کردووە بۆ مانگی سووری عێراقی یان نا؟ ئەگەر متمانەتان بە ئێرەش نییە، دەتوانن بچنە مانگی سووری عێراقی بپرسن بزانن ئێمە نووسراوی وامان کردووە".
 
سەبارەت بە خامەی نهێنی، کوێستان محەممەد دەڵێت: "خامەی نهێنی داهێنانی من نییە، پێش من هەبووە و دوای منیش دەمێنێت، لە هەموو وەزارەتێکیش هەیە، نووسراوی نهێنی سێ سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتەکان و دەستەکانە کە دەبێت کەسێک هەبێت بە نهێنی ئەو نووسراوانە وەڵام بداتەوە".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "ئەو کەسەی ئەو قسانەی کردووە دوو کێشەی لەگەڵ ئێمە هەیە، کە خانەنشین بوو داوای سەیارەی وەزارەتی کرد، پێمان نەدا و کە سەیارەیەکی جێهێشتبوو دوو ملیۆن و 900 هەزار سزای پێبژاردنی لەسەر بوو، داوامان لێکردووەتەوە، ئامادە نییە پارەکەی بدات".
 
دواتر فوئاد سدیق، راوێژکاری پێشووی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە کوێستان محەممەدی گوت: "بانگهێشتی دیبەیتێکی بەرپرسیارانەت لێ دەکەم، بۆ ئەوەی لە تاریکیی گومانەوە هەنگاو بنێینە ناو رووناکیی راستی و رای گشتی. با لە یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییە دیارەکان و لەبەرچاوی چاودێرانی پەیمانی کۆمەڵایەتی نوێنەری چوار دامەزراوە باڵاکە (دەستەی دەستپاکی، چاودێری دارایی، داواکاری گشتی و فەرمانگەی هەماهەنگی) ئەوانیش ئامادەی دیبەیتەکە بن لەناو ستۆدیۆ".
 
فوئاد سدیق گوتیشی: "ئەمە بانگەوازێکە بۆ بوێری، بۆ ئەو بوێرییەی کە لەبری هەڵاتن چاوەڕێی وەڵامێکم کە دەنگی بوێری بێت، نەک ناڵەی بێدەنگیی پڕ لە گومان".