لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە نزیک کۆیە کەسێک گیانی لەدەستدا و دووانیش بریندارن

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە نزیک بەنداوی سماقووڵی، کەسێک گیانی لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندارن. تەندروستی دەڵێت، برینەکانیان سەختە.
 
رووداوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 13-07-2025، لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا لە نزیک بەنداوی سماقووڵی لە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر روویداوە. 
 
هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمبوڵانس نێردراوە بۆ شوێنی رووداوەکە، کە کەسێک گیانی لەدەستداوە و دوو برینداریش هەن، برینەکانیان سەختە".
 
بە گوتەی هاوکار عەلی، هەر سێ قوربانییەکە لە نەتەوەی عەرەبن.
 
بریندارەکان و تەرمی قوربانییەکە براونەتە قەزای کۆیە و پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە.