تۆمەتباری کوشتنی باوک و کچەکەی زاخۆ بە بێسەروشوێنکردنی دوو كچی دیکەش تۆمەتبارە
رووداو دیجیتاڵ
دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوشتنی باوک و کچە ئێزدییەکەی سنووری زاخۆ، پەردەی لەسەر تاوانێکی دیکەش لادا کە دوو ساڵ پێش ئێستا دوو کچی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان رفێندرا بوون، چونکە تۆمەتباری هەردوو تاوانەکە یەک کەسە.
خێزانی دوو کچە ئاوارەکەی رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا نیشتەجێی کەمپێکی سنووری پارێزگای دهۆکن، دوای بیستنی ئاشکراکردنی تۆمەتباری رووداوی کوشتنی باوک و کچەکە، بە گریانەوە باسی چیرۆکی رفاندنی دوو کچەکەیان دەکەن کە تەمەنیان 11 ساڵ و 9 ساڵ بووە.
شەڤین حاجی محەممەد، دایکی دوو کچەکە بە گریانەوە بۆ رووداو قسەیکرد و باسی لەوە کرد، "داواکاریم تەنیا ئەوەیە کە دان بە تاوانەکەیدا بنێت، ئەمە دوو ساڵە و دەمانەوێت بزانین منداڵەکانمان لە کوێن. بەسە خەریکە دڵمان دەسووتێت."
بەدر ئەحمەد، باوکی دوو کچە بێسەروشوێنبووەکە باس لەوە دەکات کە پێشتر زۆر بە دوای چارەنووسی دوو کچەکەی گەڕاوە، بەڵام لە دوای دۆزینەوەی تۆمەتباری کوشتنی باوک و کچەکە، کە بە کوشتنی دوو کچەکەی ئەویش تۆمەتبارە، ئیدی بێ هیوا بووە.
بەدر ئەحمەد گوتیشی، "توانام نییە و کلێنس دەفرۆشم، قاچەکانم یارمەتیدەر نین، هەستم لای خوایە و ئیشاڵڵا هەر ئومێدێک هەیە، بەڵام ئەو کچەکەی کوشت کە تەمەنی شەش ساڵ بوو، ئاخر ئەو چ تاوانێكی هەبوو؟ هەستم وایە کە منداڵەکانی منیشی کوشتووە."
دوایین جار کە دوو کچە بێسەروشێنبووەکەی زاخۆ بینراون، لە 25ـی 11ـی 2020 بوو لەسەر شەقامێکی ئەو شارە.
عەقید نزار سلێمان حاجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی زاخۆ دەڵێت، "لەو کاتەدا دوای ئەوەی کە زانیاریمان بۆ هات کە دوو کچ دیار نەماون، بەدواداچوونمان کرد و زانیاریمان کۆکردەوە، هەر ئەم تۆمەتبارە بوو کە کچەکانی بە ئۆتۆمبێلەکەی بردبوون، لەڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە بەدواداچوونمان کرد و تاوەکو نزیک باخەکەی لەوێ وێنەکان نامێنێت، راستە تۆمەتبار دانی بەوەدا ناوە کە دوو کچەکەی لەگەڵ بووە، بەڵام هێشتا دانی بەوەدا نەناوە [کە کوشتوونی و دەڵێت] ئەو دوو کچە چوونەتە ماڵی ناسیاوێکیان."
هەرچەندە بڕیار بوو 21ـی ئەم مانگە دادگەی تەمیز بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسی کوشتنی دوو كچەکە بدات، بەڵام پێش ئەوە هەمان تۆمەتبار لەسەر کوشتنی کەسێک لە خواردنگەیەکی دهۆک دەستگیرکرا و پۆلیس دەڵێت، پێشتریش لەسەر تاوانێکی دیکەی کوشتن زیندانی کراوە.